عەدنان موفتی: پێش دەستنیشانكردنی پارێزگاری كەركوك دەبێت رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بكرێت

16/05/2019
عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی

نەوا - رۆژیار سیروان - سلێمانی
لە میانەی بەرێوەچوونی ساڵیادی عادل موراد لە هۆڵی رۆشنبیری شاری سلێمانی، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتی: " بەتەنها دەستنیشانكردنی پارێزگاری كەركوك رەوشەكە هێمن نابێتەوەو پێویستە كار بكرێت بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش بۆ ناوچەكە".
عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140و گەڕانەوەی كەركوك بۆ باوەشی كوردستان و خزمەتكردنی ئەو شارە بیروبۆچونی جیاواز هەیە، بەڵام گرنگترین هەنگاو ئەنجامدراوە و رێككەوتنی لەسەر كراوە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمە كە رێكەوتنی لەسەر كراوەو لەهەفتەی داهاتووش سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێرن و كاری سەرەكی حكومەت گەرانەوەی ئەو ناوچانەیە بۆ سەر كوردستان.
سەبارەت بەجێبەجێكردنی رێككەوتنامەی پێكهێنانی حكومەت و دانانی پارێزگاری كەركوك عەدنان موفتی وتی: "ئەوە ئەمێنێتەوە سەر ئەو رێكەوتنامەیە كە چۆن رێكەوتون و رەنگە پێویست بكات گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد بكەن چونكە پێویست بە دانشتنی ئەنجومەن دەكات و بەتەنها دەستنیشانكردنی پارێزگار رەوشەكە هێمن نابێتەوە پێویستە هەنگاوی تری لەگەڵ بێت ئەویش رێكەوتنە لەگەڵ بەغداد بۆ گەرانەوەی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش بۆ ناوچەكە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group