نزیكەی 60 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە سلێمانی ژێرئاوكەوتون

19/05/2019 نەوا

جێگری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كشتوكاڵی سلێمانی دەڵێت "نزیكەی 60 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە سنوری پارێزگای سلێمانی ژێرئاو كەوتون، ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر رشت و جۆرێتی دانەوێڵە لە هەرێمی كوردستاندا".

باران بارینی زۆری ئەمساڵ لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان كاریگەری گەورەی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ بەجێهێشتوە و رێژەیەكی زۆری زەوییە كشتوكاڵییەكان كە بە دانەوێڵە داچێندراون، ژێرئاو كەوتون.

لەوبارەیەوە رزگار محەمەد خدر جێگری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كشتوكاڵی سلێمانی رایگەیاند "جیاواز لە 30 ساڵی رابردوو، ئەمساڵ لە سنوری پارێزگای سلێمانی نزیكەی هەزار و 300 ملم باران باریوە و لە چەندین ناوچەی تر گەیشتوەتە زیاتر لە هەزار و 700 ملم، كاریگەری ئەو باران بارینە زۆرەش لایەنی ئیجابی و سلبی هەبووە لەسەر كەرتی كشتوكاڵ، بەجۆرێك لایەنی سلبی هەبووە لەسەر كەرتی دانەوێڵە بەتایبەتی و قۆناغی پێگەیشتنی دواخستوە و زیانی زۆر بەر بەشێكی ئەو زەویانە كەوتووە، كە گەنم و جۆیان تیادا كرابوو، ئەو زەوییانەش بەشێكیان ژێرئاو كەوتون و بەشەكەی دیكەش روبەڕوی نەخۆشی و زیان بونەتەوە".

رزگار محەمەد خدر دەشڵێت "جگە لە زیانەكانی سەر دانەوێڵە، لە سەوزە و میوەشدا پێگەیشتنی بەشێكی بەرهەمەكانمان دواكەوتون و بەهۆی باران بارینی زۆر و رەشەباوە زیانیان پێگەیشتوە و بەشێكی زۆری بەرەكانیان وەریون".
هەروەها وتی "نزیكەی 60 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە سنوری پارێزگای سلێمانی ژێرئاو كەوتون و بە زەوییە ژێرئاوەكان ناسراون، ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر رشت و جۆرێتی دانەوێڵە لە هەرێمی كوردستاندا".

بەرپرسەكەی كشتوكاڵی سلێمانی لە هەمانكاتدا ئاماژەی بەوەشكرد، باران بارینی زۆری ئەمساڵ لایەنی ئیجابیشی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ هەبوە و لە قەیرانی وشكەساڵی و كەمبونەوەی مەترسی كەمكردنەوەی ئاوی روبارەكان رزگاریان بووە، هەروەها ئەمساڵ دەشت و كێوەكان لەوەڕگایەكی زۆریان هەیە و دەتوانن سودی گەورەیان لێوەر بگرن بۆ ئاژەڵداری.

لەم چوارچێوەیەشدا وریا عەلی، كە جوتیارێكی دەشتی شارەزورە و بەشی زۆری زەوییە كشتوكاڵییەكەی بووە بەژێرئاوی دەریاچەی دەربەندیخانەوە، لە نزیك زەوییەكەی ئاماژەی كرد بەوەی بەشی زۆری ئەو زەوییانەی دەشتی شارەزور، كە نزیكن لە ئاوی دەریاچەكەوە، ئەمساڵ بەهۆی زۆری باران بارین و بەرزبونەوەی ئاوەكە ژێرئاوكەوتون و زیانی گەورەیان بە جوتیاران گەیاندووە، بەجۆرێك تەنها خودی خۆی 50 دۆنم زەوی كە بە دانەوێڵە چاندبوی، ژێرئاو كەوتوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group