نەوا
كەریم ئەسعەد ئەحمەدخان راوێژكاری تایبەتی ئەمینداری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكی تیمی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەكانی رێكخراوی داعش "یونیتا" رایگەیاند، داعش لە عیراقدا تاوانی جەنگ و كۆمەڵكوژی و دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە.
كەریم ئەسعەد لەلێدوانێكدا بۆ رادیۆ سەوای ئەمریكی وتویەتی "تیمی "یونیتا" بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش دامەزراوە و لەگەڵ حكومەتی عیراقدا بەردەوام دەبێت لەلێكۆڵینەوەكانی سەبارەت بەتاوانەكانی رێكخراوی داعش، ئەوەیشی رویداوە پێویستە رێگەنەدرێت دوبارە بكرێتەوە".
وتیشی "دادگاكانی عیراق سزای چەكدارانی داعش دەدەن و وڵاتەكە ئامانجی سەرەكییە لە لێكۆڵینەوەكاندا و ئەگەری هەیە بەگوێرەی تاوانەكانی رێكخراوەكە رێوشوێنی یاساییش بگیرێتەبەر".
سەبارەت بە بەربەستەكانی لێكۆڵینەكانیان دەڵێت "گەورەترین بەربەست كۆكردنەوەی زانیارییە لەلایەن تیمەكانەوە، هەروەها بەپێویستیشی دەزانین لە پرۆسەكانی دادگاییكردنی تۆمەتباراندا، بەڵگەی حاشاهەڵنەگر پێشكەش بكرێن".