ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی: تا 8 رۆژی تر گۆڕان سیڤی وەزیرەكانی رادەست دەكات

20/06/2019

نەوا
كاروان هاشم ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت "لەگەڵ مەسرور بارزانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەسەر ئەوە رێككەوتوین بەرلە 28ی ئەم مانگە سیڤی كاندیدەكانمان بۆ پۆستەكانی حكومەت یەكلایی بكەینەوە و رادەستی بكەین".
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێكدا رونیكردوەتەوە، بزوتنەوەكەیان 22 رێنماییان دەركردوە و بەپێی ئەو رێنماییانە وەزیرەكان دیاری دەكرێن و لیژنەیەكی 11 كەسیشیان دروستكردوە، كە بریتین لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتیی و كۆمەڵێك هەڵسوڕاوی دەرەوەی جڤاتەكان، كە پێشتر بەرپرسیارێتیان لە حكومەت و پەرلەماندا هەبوە، ئەو لیژنەیە تاووتوێی سیڤییەكان دەكات دواتر شۆرت لیست بۆ سیڤییەكان دەكات، بۆ نمونە سێ دانە لە سیڤییەكان بۆ پۆستێك دەنێرێت بۆ جڤاتی نیشتمانی و لەوێ جارێكی دیكە بە دەنگدان كەسێك بۆ پۆستەكە هەڵدەبژێردرێت.
كاروان هاشم لەبارەی هەنگاوەكانی دیاریكردنی ناوی كاندیدەكانیش وتی "ئێستا سیڤییەكان لای ئەو لیژنەیەیە و لە چەند رۆژی داهاتودا شۆرت لیست بۆ سیڤییەكان دەكرێت و دواتر بۆ هەر یەكێك لەو چوار وەزارەتەی بەر گۆڕان كەوتوە، سێ كەس شۆرت لیست دەكرێت و دەینێرن بۆ جڤاتی گشتی و لەوێ بە دەنگدان كەسێكی بۆ هەڵدەبژێردرێت".
لەئێستادا بزووتنەوەی گۆڕان تەنها كاندیدەكانی بۆ پۆستی ئەو چوارە وەزارەتە یەكلایی دەكاتەوە، كە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتوە و لەگەڵ مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری رێككەوتون لەسەرئەوەی بەرلە 28ی ئەم مانگە سیڤییەكانیان یەكلایی بكەنەوە و رادەستی بكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، تائێستا بۆ هەر چوار وەزارەتەكەی بەركەوتەی بزوتنەوەكەیان، 35 بۆ 40 كەس سیڤییان پێشكەشكردوە و بزوتنەوەی گۆڕانیش لە رێگای لیژنە و دەنگدانەوە سیڤییەكان یەكلایی دەكاتەوە.
پشكەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بریتین لە: جێگری سەرۆكی هەرێم، یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری چاكسازی، وەزارەتەكانی دارایی، ئاوەدانكردنەوە، بازرگانی، كار و كاروباری كۆمەڵایەتی. هەروەها بریكارەكانی وەزارەتەكانی پەروەردە، كارەبا، شارەوانی و ناوخۆ. ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەندامێكی ئەنجومەنی ئاسایش، هەروەها سەدا 12 لە كۆی بەڕێوەبەرە گشتییەكان و راوێژكارەكان لە سەرۆكایەتییەكاندا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group