بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لەبارەی پێوەری ئاوی ماڵان روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

11/07/2019

نەوا
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ رایدەگەیەنێت، ئەو هاوڵاتیانەی كەپارەیەكی زۆریان بۆ هاتۆتەوەو گومانیان لە پسوڵەی ئاو هەیە، دەتوانن لەشار و شارۆچكەكانی كوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكان بكەن بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەكەیان بۆ بكرێت.
لە رونكردنەوەیەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ كە وێنەیەكی دەست رادیۆ نەوا كەوتووە تیایدا هاتووە، " بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیەكانی خەڵكی كوردستان و بژێوی ژیانیان، هاوكات كەمكردنەوەی رێژەی زێدەڕۆییكردن لە بەكارهێنانی ئاو و دابەشكردن و گەیشتنی ئەو خزمەتگوزاریە سەرەكیەی ژیان بۆ تێكڕای خەڵكی كوردستان بەشێوەیەكی یەكسان، پرۆژەی دانانی پێوەری ئاومان پێباشترین رێگە چارە بووە، بۆیە دوای جێبەجێكردنی تەواوی هەنگاوەكانی دانانی پێوەری ئاو لەماوەی زیاتر لەساڵێك رێژەكەی گەیشتە زیاتر لە 80%".
ئاگاداری ئەو هاووڵاتیانەش دەكاتەوە كە پارەیەكی زۆریان بۆ هاتۆتەوەو گومانیان لە پسوڵەی ئاوەكەیان هەیە، دەتوانن لەشارو شارۆچكەكانی كوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو بكەن بۆئەوەی چارەسەری كێشەكەیان بۆ بكرێت.


دەقی ڕوونكردنەوەكە:
ڕوونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆوە بۆ هاوڵاتیانی كوردستان
هەندێك لە میدیاكان لەبارەی پرۆسەی دانانی پێوەری ئاو و خوێندنەوەیان هەندێ ڕاپۆرت و لێدوان بڵاو دەكەنەوە،بەشێوەیەك كە پرۆسەكە لە خزمەتی هاوڵاتیاندا نییە لە كاتی ئێستادا،بۆیە ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دووپاتی دەكەینەوە كە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیەكانی خەڵكی كوردستان و بژێوی ژیانیان،هاوكات كەمكردنەوەی ڕێژەی زێدەڕۆیی كردن لە بەكارهێنانی ئاو و دابەشكردن و گەیشتنی ئەو خزمەتگوزاریە سەرەكیەی ژیان بۆ تێكڕای خەڵكی كوردستان بەشێوەیەكی یەكسان،پرۆژەی دانانی پێوەری ئاومان پێ‌ باشترین ڕێگە چارە بووە،بۆیە دوای جێبەجێكردنی تەواوی هەنگاوەكانی دانانی پێوەری ئاو لە ماوەی زیاتر لە ساڵێك كە ڕێژەكەی گەیشتە زیاتر لە 80% ،لە هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوەدا ئاگاداری هاوڵاتیانی كوردستانمان كرد،لە ماوەیەكی دیاری كراودا دەست بە خوێندنەوەی پێوەری ئاو دەكرێت و هەموو بەكارهێنەرانی ئاوی خواردنەوە بەپێی ڕێژەی بەكارهێنانەكەی پارەی لێوەردەگیرێت، ئاگاداریشمان كردنەوە هەر كەسێك پێوەری ئاو لەو ماوە دیاری كراوەدا نەبەستێ،دوچاری پێ‌ بژاردن دەبێتەوە، بەڵام دوای تەواو بوونی وادەكەش كە 1ی تەمموزی 2019 بوو، بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیانی كوردستان دوو مانگی دیكە وادەكەمان درێژ كردەوە.
بۆ ئەو هاوڵاتیانەشی كە پارەیەكی زۆریان بۆ هاتۆتەوەو گومانیان لە پسولەی ئاوەكەیان هەیە، جارێكی دیكە ئاگاداریان دەكەینەوە لەوەی، دەتوانن لەشارو شارۆچكەكانی كوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو بكەن بۆئەوەی چارەسەری كێشەكەیان بۆ بكرێت.
پرۆژەی بەستنی پێوەری ئاویش یەكێ‌ لە پرۆژە سەركەوتووەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ و وەزارەتی شارەوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە لەپێناو بەرژەوەندیەكانی خەڵكی كوردستان جێبەجێ‌ كراوە، ئەو پارەی كە هاوڵاتیان بۆ بەستنی پێوەرەكەش داویانە، مانگانە دوای ئەژماركردنی ئەو ئاوەی بەكاریان هێناوە،پارەیەكی كەمتریان لێوەردەگیرێت وەك قەرەبوویەك بەرامبەر پارەی پێوەرەكەیان كەبۆ بەكارهێنانی ئاو داندراوە،هاوكات پرۆژەكە لەپێناو ئەوەیە هاوڵاتیان زیاتر پارێزگاری لەو سامانی ئاو بكەن لەبەرئەوەی سامانێكی بەنرخی نیشتیمانیە ،ئێمەش هەوڵ دەدەین هاوڵاتیانمان بەشداری پێ‌ بكەین لەو پاراستنی ئەو سامانە، هاوكات ڕایان بهێنین لەوەی ئاو بەقەد پێویستی خۆیان بەكاربێنن بۆئەوەی هەمووان ئاویان هەبێ‌ و كێشەی بێ‌ ئاویش كەم بێتەوە، بۆیە پێویستە هەمووان پابەندی ئەو بڕیارە بن كە بڕیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستانەو لەلایەن ئەنجومەنی شوراوە پەسەند كراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group