پەرلەمانتارێكی پارتی: عەبادی بە نایاسایی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی دەنارد

16/07/2019 عێراق

نەوا
ئیخڵاس دولەیمی ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عیراق دەڵێت "حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو بەبێ‌ هیچ دەقێكی یاسایی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی دەنارد". پێشی وایە، كێشەی نەوت لەنێوان بەغدا و هەولێر بەبێ‌ تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غاز چارەسەر ناكرێت.
ئیخڵاس دولەیمی لەگفتوگۆیەكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەداوە، بەپێی یاسای بودجەی 2019، پێویستە هەرێمی كوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات، ئەگەر رادەستی نەكات ئەوا لە پشكی بودجەی هەرێم دەبڕدرێت، لەكۆی 11 تریلیۆن دینار لە پشكی بودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2019 تائێستا تەنها 2 تریلیۆن نێردراوە.
وتیشی "حكومەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران موجامەلەی هەرێمی كوردستانی نەكردوە، بەڵكو یاسایەكی داناوە كە هەرێم ناچار بەرادەستكردنی نەوت بكات، بەڵام حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشو بەبێ‌ هیچ یاسایەك موچەی دەناردە هەرێمی كوردستان و یاسای بودجەی ساڵی 2018ش هیچ بڕگەیەكی تێدا نەبوو، كە باس لە ناردنی موچە بكات".
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشداوە، لەساڵی 2014ەوە تا 2018 هەرێمی كوردستان هیچ بودجەیەكی لە بەغداوە نەدراوەتێ‌، كێشەی نەوت نوێ‌ نییە و لەساڵی 2003ەوە هەیە و تەنهاش بەتێپەڕاندنی یاسای نەوت و غاز چارەسەر دەكرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group