ئامانجی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاشكرا دەكرێت

07/08/2019 هەمەڕەنگ

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی راگەیەندرا و بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەكەش دەڵێت "دەستكەوتی سێ فێستیڤاڵی رابردو بریتیبوە لە فیلمێكی عیراقی، كە لەشاری سلێمانی بەبڕی دوو ملیۆن دۆلار بەرهەمهێنراوە".
فوئاد جەلال بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بەرادیۆ نەوای راگەیاند، ئەمساڵ چوارەمین خولی فێستیڤاڵەكە دەبێت و لە رۆژی 1-10-2019 دەستپێدەكات و هەفتەیەك بەردەوام دەبێت، دەستپێك و كۆتاییەكەشی لە تەلاری هونەر ئەنجام دەدرێت و تێیدا وۆركشۆپ و فیلمی كلاسیكی نمایش دەكرێت.


وتیشی "ئەمساڵ نزیكەی 250 میوان بانگهێشتكراون، بەڵام ئامانجمان هێنانی سەرۆكی فێستیڤاڵەكانی جیهان و كۆمپانیا گەورەكانی بواری بەرهەمهێنانی فیلمە، تا هانیان بدەین بێنە كوردستان، چونكە ئێرە شوێنێكی ئارامەو لۆكەیشنی باشی تێدایە".
سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكە باسی لەوەشكرد، دەستكەوتی ئەو سێ خولەی پێشوتری فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی بریتیبووە لە بەرهەمهێنانی فیلمێكی عیراقی لەشاری سلێمانی بەبڕی دوو ملیۆن دۆلار، كە لەلایەن كۆمپانیای مەستی فیلمەوە جێبەجێكراوە و لەمانگی 3 تا مانگی 6ی ئەمساڵ كاری وێنەگرتنی بۆكراوە، فیلمەكەش بەناوی "رۆژێك لە بەغداد" بوو، ئەكتەری كوردو عەرەبی تێدایەو لەپڕۆژەی دووەمماندا سەرقاڵی فیلمێكین بەناوی "تاقیكردنەوە" بە ملیارێك و 200 هەزار دینار بەهاوبەشی وەزارەتی رۆشنبیری بەرهەمدێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمساڵ نزیكەی 200 فیلم لە سیتی سینەما و سینەما سالم و تەلاری هونەر نمایش دەكرێن، بڕیاروایە سەرۆكی دەزگای نێودەوڵەتی (ڤیاب) كە بەرپرسە لە پۆلێنكردن و دانانی پلەبەندی بۆ فێستیڤاڵەكان ئەمساڵ بەشدار بێت، بەڕاپۆرتی ئەویش ساڵی ئایندە فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی دەگەیەنین بە باشترین فێستیڤاڵ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group