لە بارەی چۆنێتی هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالكراوان بۆ هەرێم روونكردنەوە دەدرێت

12/08/2019

نەوا

وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە بارەی هێنانەوەی روفاتی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی سەماوە رایدەگەیەنێت: دوای ناسینەوەی روفاتەكان  كە خەڵكی كام ناوچەی هەرێمی كوردستانن، بەرنامەیەكی رێكوپێك بۆ هێنانەوەو بەخاكسپاردنیان دادەنرێت.
فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم، رایگەیاندوە: پڕۆسەی هێنانەوەی روفاتی گۆڕە بەكۆمەڵەكەی سەماوە، لەگەڵ روفاتی دوو گۆڕی دیكە دەبێت، كە بڕیارە هەڵبدرێنەوە.
وتیشی: "دوای هەڵدانەوەی ئەو دوو گۆڕە بەكۆمەڵەی دیكە، روفاتەكان رەوانەی پزیشكی دادی بەغداو لەوێ سامپڵیان لێوەردەگیرێت، ئەمەش كاتی پێویستە".
راشیگەیاند: دوای ناسینەوەی روفاتەكان كە خەڵكی كام ناوچەی كوردستانن، ئەوكاتە وەكو وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان، بەرنامەیەكی رێكوپێك بۆ هێنانەوەو بەخاكسپاردنی روفاتەكان دادەنێنین و رێوڕەسمی تایبەتیان بۆ دەكەین.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو گۆڕەی لەسەماوە هەڵدرایەوە، 171 روفاتی تێدا بووە كە سەرجەمیان كوردن و ژن و منداڵ بوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group