بابل.. 82 تەرمی نادیار دۆزراونەتەوە

12/08/2019 عێراق

نەوا


هاوپەیمانی بڕیاری عیراقی كە ئوسامە نوجێفی سەرۆكایەتی دەكات ئاشكرایكرد، لەماوەی رابردوودا 82 ترمی نەناسراو لە باكوری پارێزگای بابل دۆزراونەتەوەو هەندێكیان دەست و قاچیان لێكراوەتەوە هیچ لێكۆڵینەوەیەكیش ناكرێت بۆ ئاشكراكردنی ناسنامەیان یان ئەوانەی ئەو كارەیان ئەنجامداوە.
هاوپەیمانی بڕیاری عیراقی لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، لەرۆژانی پیرۆزی جەژندا كە هاوڵاتیان ئاهەنگ دەگڕێن هەواڵی دۆزینەوەی چەندین تەرم لەباكوری بابل بڵاوبووەتەوەو تەرمەكان لە تەندروستی پارێزگاكە كۆكراونەتەوەو هەوڵی ئەوە دەدرێت ببرێنە كەربەلا و بنێژرێن.
روونیكراوەتەوە، 31 تەرم دۆزراونەتەوە بەوانەی پێشترەوە گەیشتوونەتە 82 تەرم كە دەست و قاچی هەندێكیان بڕدراوەتەوە و بەشێكیان ژن و منداڵن، بەڵام حكومەت هیچ بەیاننامەیەكی لەو بارەیەوە بڵاونەكردووەتەوەو هۆكاری ئەو رووداوەی ئاشكرا نەكردووەو هیچ لێكۆڵینەوەیەكیش دەستی پێنەكردووە بۆ دۆزینەوەی هۆكارەكانی یان ئەو كەسانەی ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە.
لەبەیاننامەیەكدا هاتووە، ئەو كەیسە ئازاری زۆرەو كەسە رفێنراو و دیارنەماوەكانن سەرەڕای زۆری داواكاریەكان حكومەت بێتوانایە لەدەستكردن بە لێكۆڵینەوەو بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلافی لەئەستۆی حكومەتە و هاوپەیمانی بڕیاری عیراقی ئەو تاوانانە دەباتە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group