گۆڕان: لابردنی سەرۆكی شارەوانیەكانی باكور پێچەوانەی مافەكانی مرۆڤە

21/08/2019

نەوا
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بڕیاری لابردنی سەرۆكی شارەوانییەكانی وان و ئامەد و مێردین لەلایەن حكومەتی توركیاوە، بەبڕیارێكی دژبە مافەكانی مرۆڤ و پرنسیپەكانی دیموكراسیەت ناودەبات. 
لە بەیانێكدا فراكسیۆنی گۆڕان رایگەیاندوە، سەرۆكی شارەوانییەكان بە هەڵبژاردن و بەدەنگی هاوڵاتیان ئەو پۆستانەیان وەرگرتوە و دەبێت گۆڕینیشیان بەهەمان بنەمای دیموكراسیەت بێت.
فراكسیۆنی گۆڕان جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەری پرسی كورد كردوەتەوە لە هەرچوار پارچەی كوردستان بە رێگەچارەی ئاشتییانە و خوازیاریشە سەرۆكی شارەوانییەكان لە شوێنی خۆیان دەستبەكار ببنەوە.
رۆژی دووشەممەی رابردوو حكومەتی توركیا سەرۆكی هەڵبژێردراوی شارەوانیەكانی ئامەد، وان و مێردینی لە كارەكانیان لەدا و ئەو بڕیارەش لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی توركیا كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە.

دەقی بەیاننامەكە: 
بەیانێك لە فراكسیۆنی گۆڕانەوە:
بەبڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی توركیا سەرۆكی هەر سێ گەورە شارەوانی ( وان، ئامەد، مێردین) لەسەر كارەكانیان لابراون و لەشوێنی ئەوان، "قەیوم" دانراون، ئەم بڕیارەی حكومەتی توركیا پێچەوانەی مافەكانی مرۆڤ و پرەنسیپەكانی دیموكراسیەتە، چونكە سەرۆكی شارەوانییەكان لەئەنجامی هەڵبژاردن و بەدەنگی هاوڵاتیان ئەو پۆستانەیان وەرگرتوە و دەبێت گۆڕینیشیان بەهەمان بنەمای دیمكراسیەت بێت.

ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، وەك هەمیشە داوای چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد لە هەمو پارچەكانی كوردستان دەكەین بەتایبەت لە توركیا كە بەداخەوە بەهۆی چارەسەرنەكردنی و درێژەكێشانی شەڕ، دەیان هەزار هاوڵاتیی كورد و تورك بون بە قوربانی و كێشەكەش رۆژ بەرۆژ ئاڵۆزتر دەبێت.

حكومەتی توركیا لەچەند ساڵی رابردودا پڕۆسەی ئاشتی راگەیاند و بەو هەنگاوەش سەقامگیری و گەشەكردنێكی خێرا لە باكوری كوردستان رویدا، هەمو گەلانی توركیا بە چارەسەركردنی كێشەكان لە رێگای دیالۆگ و ئاشتییەوە خۆشحاڵ و سودمەند بون، بۆیە ئێمە پشتیوانی ئەو رێگا راست و هاوچەرخە دەكەین و دەخوازین سەرۆكی گەورە شارەوانییەكانیش لەشوێنی خۆیاندا دەسبەكار ببنەوە.

      فراكسیۆنی گۆڕان
          2019-8-21

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group