بەشیر حەداد: هەرێم و بەغدا نەگەنە رێككەوتن تێپەڕاندنی بودجەی 2020 زۆر زەحمەتە

25/08/2019 عێراق
بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

نەوا
بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند كە هەرێم و بەغدا گەیشتوون بەو قەناعەتەی كە دەبێت چارەسەری ریشەیی بۆ كێشەكانی نێوان ھەردوولا بدۆزرێتەوە.
بەشیر حەداد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا راشیگەیاند: بەم نزیكانە شاندێك لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو بەغدا بەڕێدەكەوێت بۆ ئەوەی گفتوگۆكان برەو پێ بدەن، ئومێد وایە لە ماوەی مانگێك یان دوو مانگدا ئەو گفتوگۆییانە بگەنە ئامانج، چونكە دەزانن ماوەیەكە پڕۆژە بوودجەی ساڵی 2020ی عێراق كاری لەسەر دەكرێت و چاوەڕوان دەكرێت لە كۆتایی ئەمساڵدا پڕۆژەكە بێتە پەرلەمان، جا تا ئەو كاتە ئەگەر گفتوگۆكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی بەغدا نەگاتە ئەنجامێك بەڕاستی تێپەڕاندنی بوودجەی ساڵی 2020 لە عێراقدا زۆر زەحمەتە".
جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد ئەوەیشی گوت كە "بوودجەی ساڵی 2019 وەكو خۆی جێبەجێ دەكرێت، بەڵام بۆ بوودجەی ساڵی 2020 ئەوەی كورد دەیەوێت مافە دەستووری و یاساییەكانییەتی، ئەگەر بەغدا گەرەنتی ئەوەی كرد كە مافەكانی كوردستان بدات ئەوا هەرێمی كوردستان پابەندی بەجێگەیاندنی ئەركەكانی دەبێت".
 بەشیر حەداد سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆانی ھەرێمی كوردستان گوتی: "بۆ ساڵی 2019 ھەموو مووچەكان وەكو خۆیان دێن ئەگەر چەند رۆژێك دوابكەون یان نا، بەڵام دێن تا كۆتایی ئەمساڵ".
جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كێشە لەسەرەكانیش وتی: "لێژنەیەك بۆ ئەو مەبەستە دروستكراوە و ماوەیەكە كار دەكات و بەسەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كاری باشیان كردووە و زۆرینەی كێشە و پرسەكان یەكلایی كراونەتەوە و بەشێكی كەمیان ماوە و ئومێد دەكەین ئەوانەش چارەسەر بكرێن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group