"پەرلەمانی عیراق كڕینی سیستمی بەرگری S - 400 روسی دەوروژێنێت"

10/09/2019 عێراق

نەوا
بەدر زیادی ئەنجامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عیراق دەڵێت "پەرلەمان پشتگیری و شەرعیەت دەدات بە حكومەت تا سیستمی بەرگریی موشەكی ئاسمانی S – 400ی روسی بكڕێت و ئەمریكاش گوشارەكانی لەسەر عیراق زیاد دەكات تا رێگری لەو هەنگاوە بكات".
زیادی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی "تێڕوانینێكی ئاشكراو رونمان هەیە و پێشتریش پێشنیاركراوە بۆئەوەی عیراق چەكی جۆراوجۆر بكڕێت تا رێگە بەهیچ لایەنێك نەدرێت كۆنترۆڵی تواناكانی عیراق بكات و سەروەری پێشێل بكات".
وتیشی "رێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریكا رۆڵی نەبووە لە پاراستنی سەروەریی ئاسمانی عیراق و رێگرتن لە فڕۆكەی دوژمنان بۆ ئەوەی بۆردومانی ناو خاكی عیراق نەكەن، لەكاتێكدا وڵاتەكە خاوەنی سەروەرییە و مافی خۆیەتی روبكاتە هەر دەوڵەتێك كە پێمانوایە سیستمی بەرگریی پێشكەوتوی هەیە بۆئەوەی لەداهاتودا رێگری لە پێشێلكاریەكان بكرێت".
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە دەكات، لەئێستادا رێنمایی هەیە بۆ كڕینی سیستمی بەرگریی "S – 400"ی روسی یان سیستمی بەرگری هەر دەوڵەتێكی تر ئەوەش بەپێی رێككەوتنێك، كە بۆ عیراق گونجاو بێت، پەرلەمانیش بەتایبەتی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پشتگیری ئەو هەنگاوە دەكات.
هەروەها بەدر زیادی نەیشاردەوە، كە گوشارەكانی ئەمریكا بۆ رێگریكردن لە كڕینی سیستمی بەرگریی روسی یان هەر وڵاتێكی دیكە زیاد دەبێت، بەڵام پەرلەمان بڕیاری لەسەر دەدات و دەنگی پێدەدات و پشتگیری حكومەت دەكات و شەرعیەتی دەداتێ‌ بۆئەوەی ئەو هەنگاوە گرنگە بنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group