نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ‌بەغدا: گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام دەبێت

10/09/2019

نەوا- كاروان مەحمود 
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ‌بەغدا رایدەگەیەنێت، گفتوگۆكانی نێوان هەردوو شاندی حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ئەوەش دەڵێت: "لە بەرنامەدایە پێش ئەوەی پرۆژە یاسای بودجەی 2020 لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بدرێتە ئەنجومەنی نوێنەران حكومەتی هەرێم میوانداری لیژنەی دارایی و لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عیراق بكات".
سەبارەت بە ئەنجامدانی سەردانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغداو بەردەوامی گفتوگۆكان بۆ چارەسەر كێشەكانی هەولێرو بەغدا، فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ‌بەغدا بە رادیۆ نەوای راگەیاند، بێگومان شاندی هەرێم بەرنامەی سەردانی بۆ بەغدا هەیەو لیژنەی تایبەتیش بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنراوە تاوەكو چارەسەری كێشەكانی "بودجە، مووچە، مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە، ماددەی 140ی دەستوری عیراق و پرسی نەوت و غاز" لەگەڵ بەغدا بكرێت.
راشیگەیاند، لیژنەكانی حكومەتی هەرێم ئامادەكراون و چاوەڕوانی حكومەتی فیدراڵ دەكرێت تاوەكو لیژنەكانی خۆیان دیاری بكەن، هەركات لەلایەن بەغداوە لیژنەكان پێكهێنرا سەردانەكەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ئەنجامدەدرێت.
لەبارەی ئەوەی دەوترێت گفتوگۆو رێككەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا تایبەت بە پرسی بودجەی 2020 دەستی پێكردووە، فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ‌بەغدا بۆ رادیۆ نەوا ئاشكرایكرد، تائێستا بودجەی 2020ی حكومەت وەكو پرۆژە نەچووەتە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی بەفەرمی بزانرێت چۆنەو چەندە بڕەكەی، بەڵام هەركات لەلایەن حكومەتەوە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كرا بێگومان گفتوگۆی جدی لە نێوان هەرێم و بەغدا دەستپێدەكات و وەكو ئامادەكاریش حكومەتی هەرێم بۆچوونی خۆی بۆ ئەندامانی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق ئاشكرا كردووەو لە داهاتووش هاوكاری زیاتر دەبێت لەنێوان تیمی حكومەت و ئەندامانی كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانی كوردستان تاوەكو بەجدی كار لەسەر ئیستحقاقی هەرێم بكرێت لە پرۆژە یاسای بودجەی 2020ی حكومەتی عیراق.
فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ‌بەغدا باسی لە كۆبوونەوەی رۆژانی رابردووی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان و ئەندامانی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران كردو، بۆ رادیۆ نەوا وتیشی: "لەداهاتوودا هەوڵ هەیە مانگانە كۆبوونەوەی لەوجۆرە بە بەردەوامی لەنێوان حكومەتی هەرێم و ئەندامانی كورد لە بەغدا بكرێت تاوەكو زیاتر داكۆكی لە مافەكانی هەرێم بكرێت، باسی لەوەشكرد،  لە بەرنامەدایە پێش ئەوەی پرۆژە یاسای بودجەی 2020 لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە بدرێتە پەرلەمانی عیراق، ئەندامانی لیژنەی نەوت و غاز و ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق میوانداری بكرێت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group