نەوا-كاروان مەحمود
ئەندامێكی لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، كاری جدی لەبارەی گواستنەوەی هاوتاكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و وارسی ئەنفالكراوانی هەرێم كراوە بۆسەر بەغداو هەوڵەكانیش لەوبارەیەوە بەردەوامە.
عەبدولناسر ئەحمەد ئەندامی لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، لەماوەی رابردوو وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراونی حكومەتی هەرێم بەجدی كاریان لەسەر گواستنەوەو هاوتاكردنی مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و وارسی ئەنفالكراون كردووە بۆسەر حكومەتی فیدراڵ و لەئێستاشدا هەوڵەكانیان لەوبارەیەوە بەردەوامە.
وتیشی: "وەكو لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی لەپەرلەمانی كوردستان بانگهێشتی "ئەحمەدی مام رەسوڵ"مان كردووە بۆ لیژنەكەمان، چونكە ناوبراو بەڕێوەبەری گشتی زیندانیانی سیاسییە لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراون تاوەكو بەتایبەت بەدواداچوون لەبارەی مووچەی زیندانیانی سیاسی بكرێت و بزانرێت چی كراوە بۆیان لەلایەن حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵییەوە".
ئەندامەكەی لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی لەپەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند، لەئێستادا لەلایەن وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراونی حكومەتی هەرێم لیستی ناوی كەس و كاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و وارسی ئەنفالكراون رەوانەی حكومەتی فیدراڵ كراوە بۆ هاوتا كردنی مووچەكانیان لەگەڵ مووچەكانی ئەو توێژە لەحكومەتی عیراق، باسی لەوەشكرد، چاوەڕواندەكرێت دوای پێداچوونەوەی لیستی ناوەكان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بڕیاری كۆتایی لەوبارەیەوە بدرێت".