پەرلەمانی كوردستان و شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە

12/09/2019
نەوا
بە مەبەستی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری سەبارەت بە ‌پرسی بودجە و بەشداریی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی سەرەتای ئامادەكردنی رەشنووسی بودجەی 2020دا لە‌لایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵەوەو چەند پرسێكی دیكە بە ‌سەرپەرشتیی جێگری سەرۆكی پەرلەمان كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان پەرلەمانی كوردستان و شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە ‌چوو.
رۆژی پێنج شەمە هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە ‌ئامادەبوونی مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لیژنەكانی كاروباری یاسایی و دارایی و كاروباری ئابووری و وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی نێوان پەرلەمانی كوردستان و شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد كە پێك هاتبوو لە د. ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان، د. ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران.
سەرەتای كۆبوونەوەكە، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان مەبەستی كۆبوونەوەكەی خستە ڕوو كە بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری سەبارەت بە پرسی بودجە ‌و بەشداریی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی سەرەتای ئامادەكردنی رەشنووسی بودجەی 2020دا لە لایەن وەزارەتی داراییی حكوومەتی فیدراڵەوە و چەند پرسێكی دیكەی چارەنووسساز بۆ هەرێمی كوردستان بوو. هەروەها باسی لە هەماهەنگییەكانی نێوان پەرلەمانی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ دانوستاندن و گفتوگۆكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵیی عیراق سەبارەت بە ‌پرسە چارەنووسساز و نیشتمانییەكانی هەرێمی كوردستان و بەدەستهێنانی مافە یاسایی و دەستوورییەكان بۆ خەڵكی كوردستان، وەك بودجە و نەوت و شایستە داراییەكان و بەشداریی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی سەرەتای ئامادەكردنی رەشنووسی بودجەی 2020دا لە‌لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ و پرسی ماددەی 140ی دەستور.
د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بە ناوی سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆكوەزیرانەوە دووپاتی لە هەبوونی پەیوەندی و هەماهەنگییەكی باش لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان كردەوە. هەروەها وتی، "دەستەیەكی نیشتمانی بۆ گشت پرسە چارەنووسساز و نیشتمانییەكان دروست دەكەن و پاشان پوختەیەك لە دیالۆگی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراقی بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیی عیراق لە چوارچێوەی دەستوری عیراق و پەیوەندییەكانییاندا شی كردەوە. هەروەها بەوردی باسی لە ماددەی 140ی دەستوور تایبەت بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و ئامادەكاری بۆ سەرژمێریی گشتی لە عیراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق كرد.
دواتر د. ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەوردی دۆخی دارایی و شایستە دارایییەكانی هەرێم و بودجە و نەوت و قەرزەكانی سەر هەرێمی كوردستانی ڕوونكردەوە،‌ كە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە ‌لایەن حكومەتی عیراق و شەڕی داعش و هاتنی رێژەیەكی زۆری ئاوارەوە‌ روبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەوە ‌و رایگەیاند: "سیاسەتی كابینەی 9ی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوتنە لەگەڵ حكومەتی عیراق لەسەر گشت پرسە نیشتمانییەكان و شایستە داراییەكانی هەرێم، لەوانە بابەتی ماددەی 140ی دەستور و بودجە و نەوت لە چوارچێوەی دەستوری عیراقدا".
دواتر لە‌لایەن سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمانەوە چەندین پرسیار ئاراستەی شاندی حكومەتی هەرێم كرا و ئەوانیش وەڵامی پێویستی پرسیارەكانیان دایەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group