سەبارەت بە لۆگۆی تاكسی بۆ هەڵەبجە رونكردنەوە دەدرێت

09/10/2019

نەوا-لاڤە كوردە 
لە دوای بڕیاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم بۆ دیاریكردنی رەنگی لۆگۆ و لەزگە بۆ تاكسیەكانی ناوەوە و دەرەوەی شارەكانی هەرێم ناڕەزایەتی لەبەرانبەر دیارینەكردنی رەنگ بۆ پارێزگای هەڵەبجەی لێكەوتەوە.
لەوبارەیەوە ئومێد محەمەد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم لە بەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەوادا وتی "هەندێك لە خەڵك و كەناڵەكانی راگەیاندنیش بە هەڵە لە پرۆژەكە تێگەیشتون و ئەوەی هەیە رەنگی لەزگەیە نەك گۆڕینی رەنگی ئۆتۆمبێلەكە".
وتیشی "نیگەرانی هەیە لەوەی پارێزگای هەڵەبجە بە جیا لۆگۆ و لەزگەی نەدراوەتێ، هۆكارەكەی ئەوەیە تائێستا ژمارەی تابلۆی تایبەت بە پارێزگاكە دابەشنەكراوە و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەڵەبجە ئاكتیڤ نییە، هەركات ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان لەو پارێزگایەش دابەشكرا راستەوخۆ وەك وەزارەت پڕۆژەكەمان بۆ ئەوێش دەبێت و رایدەگەیەنین".
هەر لە بەرنامەكەدا سەبارەت بە بڕیارەكەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، عەبدوڵڵا كەریم سەرۆكی سەندیكای گواستنەوە و گەیاندن لە هەولێر وتی "لە ساڵی 2012دا ئەوە بیرۆكەی سەندیكا بوو، خۆشبەختانە ئەمساڵ بڕیارەكە درا و وەك سەندیكا پێمان باشە بۆئەوەی كاری تاكسی بكەین بە پیشە و ژمارەی ئەو تاكسیانە دیاریبكرێت، كە لە ناوشاردا كاردەكەن، وەك هەولێر 34 هەزار تاكسی هەیە، بەڵام نازانین چەندی لە ناو بازاڕ و شاردا كاردەكەن، چونكە تاكسی شارەكانی تری  وەك بەغدا و سلێمانی و دهۆكیش لەناو هەولێردا كاردەكەن".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group