ئەو پیاوەی مەمكی لێڕوا قەرەبویەكی خەیاڵی بۆ بڕایەوە

10/10/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
دادگای ویلایەتی فیلادلفیای ئەمریكا كۆمپانیای "جۆنسۆن ئاند جۆنسۆن"ی سزادا بەوەی 8 ملیار دۆلار قەرەبوی ئەو پیاوە بكاتەوە، كە بەهۆی بەكارهێنانی دەرمانێكی كۆمپانیاكەوە مەمكی لێهاتبو.
سەرچاوەكانی هەواڵی ئەمریكا بڵاویانكردوەتەوە، نیكۆلاس مۆرای سكاڵای یاسایی لەسەر كۆمپانیای "جۆنسۆن ئاند جۆنسۆن" تۆمار كردبو ئەوەش بەهۆی بەكارهێنانی دەرمانی Risherdalی كۆمپانیاكە، كە تایبەتە بە چارەسەری دەرونی.
نیكۆلاس ئاماژەی بەوەداوە، كە لەقۆناغی منداڵیدا و لەنێوان ساڵانی 2003 تا 2008 ئەو دەرمانەی بەكارهێناوە، بەڵام بوەتەهۆی گەشەكردنی سنگی و دروستبونی مەمك.
بەپێی زانیاریەكان، لەوكاتەدا كۆمپانیاكە مەترسیەكانی ئەو دەرمانەی زانیوە، بەڵام دكتۆرەكانی ئاگادارنەكردوەتەوە، ساڵی 2015 دادگا سزای كۆمپانیاكەی بە قەرەبوی 1 ملیۆن و 750 هەزار دۆلار دیاری كردبو، بەڵام دواتر بڕەكە كەمكراوەتەوە بۆ 680 هەزار دۆلار، بەڵام خاوەنی سكاڵاكە تانەی لە بڕیارەكە داوەو دوای پێداچونەوە بە كەیسەكەدا دادگا سزای قەرەبوی 8 ملیار دۆلاری بەسەر كۆمپانیاكەدا سەپاندوە.
لای خۆیشیەوە كۆمپانیای ناوبراو بڵاویكردوەتەوە، تانە لە بڕیارەكەی دادگا دەدەن و ئەو بڕیارە هیچ بنەمایەكی نییە، ئەو سزایەی دانراوە بۆ قەرەبوو بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ سزاكەی پێشودا یەكناگرێتەوە، كە تەنها 680 هەزار دۆلار بوە، زۆر متمانەشیان بەوە هەیە سزاكە هەڵدەوەشێنرێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group