دەست بە دامەزراندنی وەزارەتی كاروباری پێكهاتەكان دەكرێت

10/10/2019
نەوا
وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، سەرۆكی حكومەتی هەرێم مەرسوومی دەستبەكاربوونی وەكو وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان دەركردووە و دەست بە دامەزراندنی وەزارەتی كاروباری پێكهاتەكان دەكرێت، كە یەكەم جارە وەزارەتێكی لەو شێوەیە لە عێراق و هەرێم هەبێت.
ئایدن مەعرووف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، "سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەرسومی ئێمەی دەركردووە، كە دەستنیشان كراوم وەكو وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان و ناونیشانەكەمان دیاری كراوە، كە ئەمەش گرنگیی زۆری بۆ پێكهاتەكان هەیە و هەر پێكهاتەیەك هەر گرفت و داواكارییەكی هەبێت، لە رێگەی ئەو وەزارەتەوە دەیگەیەنێتە حكومەت و نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان دەكات لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا".
وتیشی: "دوای دەرچوونی مەرسومی دیاریكردنی ناونیشانمان و دامەزراندنی وەزارەتی كاروباری پێكهاتەكان، دەست بە هەنگاوە كرداریەكان دەكرێت بۆ دروستكردنی وەزارەتەكە، ئەمەش هەنگاوێكی زۆر گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە یەكەم جارە لە عێراق و هەرێم وەزارەتێك تایبەت بە پێكهاتەكان دابمەرێت".
ئایدن مەعروف ئەوەش دەڵێت: "ئەمەش گرنگیدانە بە پێكهاتەكان لە هەرێم، بوونی پێكەوەژیان دەسەلمێنێت لە كوردستان، كە مافی هەموو پێكهاتەیەك بێ جیاوازی پارێزراوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group