نەوا كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی هەڵبژاردەی پورتوگال و یانەی یوڤانتۆسی ئیتاڵی ژمارەی گۆڵەكانی گەیاندە 700 گۆڵ. رۆناڵدۆی تەمەن 34 ساڵ لەیاری هەڵبژاردەكەی دژی ئۆكرانیا لە پاڵاوتنی گەیشتن بە یورۆی 2020 توانی لەخولەكی 72دا بەلێدانی سزا گۆڵێك تۆمار بكات و ئەوەش ژمارەی گۆڵەكانی گەیاندە 700 گۆڵ. ئەستێرە پورتوگالییەكە بەدرێژایی تەمەنی پیشەگەریی خۆی، لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید 450 گۆڵی تۆمار كردوەو 118 گۆڵیش لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد، هەروەها 32 گۆڵی لەگەڵ یانەی یوڤانتۆسی ئیتاڵی تۆماركردوە، سەرەڕای ئەوەش 95 گۆڵی بۆ هەڵبژاردەكەی و 5 گۆڵیشی لەگەڵ یانەی سپۆرتینگ لشبۆنەی وڵاتەكەی تۆماركردوە. بەپێی داتاكان رۆناڵدۆ شەشەم ئەستێرەی تۆپی پێیە، كە زۆرترین گۆڵی لەمێژویدا تۆمار كردوەو پێش ئەو هەریەكە لەم یاریزانانە دەبینرێن: 5- گێرد مۆلەر 735 گۆڵ ئەم ئەستێرە ئەڵمانییە بەدرێژایی ساڵانی یاریكردنی 735 گۆڵی تۆماركردوەو 7 جار نازناوی گۆڵكاری خولی ئەڵمانیای بردوە، هەروەها سێیەم گۆڵكاری جامی جیهانییە بە 14 گۆڵ. 4- فێرنیش بۆشكاش 746 گۆڵ بۆشكاك ئەفسانەی هەنگاری بەدرێژایی تەمەنی یاریكردنی 746 گۆڵی تۆماركردوە و خاوەنی نازناوی زۆرترین گۆڵی نێودەوڵەتی بوو لە ئەوروپا كە 84 گۆڵە، ئەوەش پێش ئەوەی رۆناڵدۆ بە 95 گۆڵ پێشی بكەوێت، ئەم یاریزانە یەكێكە لە كاریگەرترین یاریزانانی مێژوی تۆپی پێ و ساڵانە نازناوی جوانترین گۆڵ بەناوی ئەوەوەیە. 3- پێلێ 767 گۆڵ پێلێی بەڕازیلی یەكێكە لە ئەفسانە دیارەكانی تۆپی پێ لەجیهاندا و بەیەكێك لەباشترینەكانی مێژوو دادەنرێت و خاوەنی 767 گۆڵە. 2- رۆماریۆ 772 گۆڵ رۆماریۆ نازناوی "دزی بەشەرەف"ی پێدراوە، یەكێك بوو لە هێرشبەر و گۆڵكارە دیارەكانی هەڵبژاردەی بەڕازیل و بە یەكێك لەو یاریزانانە دادەنرێت، كە بەهەموو شێوەكان گۆڵ تۆماردەكات و خاوەنی 772 گۆڵە لەمێژویدا. 1- جۆزێف بیكان 805 گۆڵ بیكان بە خاوەنی زۆرترین گۆڵ دادەنرێت لەمێژودا، كە 805 گۆڵە، سەرەڕای ئەوەی لەنێوان گۆڵكارەكاندا كەمترین ناوبانگی هەیە، ئەم یاریزانە جیا لە یانە جیاوازەكان، بۆ هەڵبژاردەكانی نەمسا، چیكۆسلۆڤاكیای پێشووش یاری كردوە.