پارێزگاری سلێمانی: لە دووساڵی رابردوودا سێ دەستكەوتی گەورەمان بۆ سلێمانی بەدەستهێناوە

02/11/2019 رۆژیار سیروان

نەوا 
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، لە دوو ساڵی رابردوودا پارێزگاكە لە ئاستی نێودەوڵەتی سێ دەستكەوتی هەبووە و ئەوەش لە ئەنجامی تەرخانكردنی 15% ی بودجەی تایبەت بۆ هونەر و رۆشنبیری و كارە كلتوریەكان.
 هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ نوێنەری یونسكۆ لە كوردستان و بەرێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی كۆبوونەوە و دواتر لە  كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە بەخشینی نازناوی شاری داهێنەر لە رووی ئەدەبەوە بە سلێمانی رایگەیاند، ئەم دەستكەوتە بە كارێكی پێكەوەیی بەدەستمان هێنا و  بەهاوكاری گروپی هونەری كەشكۆڵ كە لە زانكۆی ئەمریكی لە شاری سلێمانین و بابەكر درەیی بەرێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بە ئەنجام گەیەنراوە.
رونیشیكردەوە،  لە دوو ساڵی رابردوودا لە بودجەی تایبەت بەنزیكەی ٪15 مان بۆ هونەر و رۆشنبیری و كارە كەلتوریەكان تەرخانكردووە و  لەلای یونسكۆ زۆر گرنگ بووە. 
وتیشی ، كاری داهاتوومان قورستر دەبێت و لە ئێستاوە دەستەیەكی راوێژكاری دادەمەزرێنین كە گەورەتر بێت لە هەیكەلی كارگێری پارێزگای سلێمانی، كارەكە لە كاری دەوڵەتداری گەورەترە و شاری سلێمانی لە كۆی 246 شاری هەڵبژێردراو، لە كارێكی ناوخۆیی بووە بە كارێكی نێودەوڵەتی و داواكارم لە هەموو لایەك پاڵپشت و پشتیوانمان بن . 

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەو دەستكەوتانەدا لە دووساڵی رابردوو بۆ شارەكەیان بەدەستهێناوە ئەوانیش، یەكەمیان بوون بە ئەندام لە پەیمانی نێودەوڵەتی بۆ وزەی  جێگرەوە لە برۆكسێل لە یەكێتی ئەوروپا كەلەساڵی 2018 بەئەنجام گەیەنراوە، دووەهەمیان لەسەر ئاستی گەشتیاری تەندروستی هەفتەی رابردوو لە عەمان كۆنگرەی نێودەوڵەتی گەشتیاری تەندروستی ئەنجامدرا كە 48 دەوڵەتی جیهانی تێیدا بەشدار بوون شاری سلێمانیش بوو بە ئەندامێكی كارا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەو بوارەدا هەروەها سێهەمیان بەخشینی نازناوی شاری ئەدەبی داهێنەر بوو بە سلێمانی لە لایەن یونسكۆوە. 
لەلای خۆشیەوە بابەكر دڕەیی ، بەرێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی وتی، هەركاتێك بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان جێگیر بوو مەراسیمێك ئەنجام دەدەین كە شایستەی شاری سلێمانی و ئەم كارە بێت، هەروەها ئەو كارانەی لەسەرمان پێویستە ئەنجامی بدەین بەلایەنی كەمەوە سێ فیستیڤاڵی ناوخۆیی و جیهانیمان هەبێت،  تاڕادەیەك ئەو كارانەمان كردووە وەك فیستیڤاڵی شانۆ و سینەما  فیستیڤاڵی نەورۆز دەتوانین بیكەین بە فیستیڤاڵێكی جیهانی . 
هەڤاڵ ئەبوبەكر باسی لەو كارانە كرد لەلایەن یونسكۆوە داوایان لێكراوە بە ئەنجام بگەیەنرێت وەك بە ئەرشیف كردنی هونەر و ئەدەبیاتی كوردی بەشێوەیەكی شیاو هەروەها بە ئەنجام گەیاندنی گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی بەشداربوو لەو تۆرە و لەگەڵ ئەوانەشدا سەرجەم ئەو كارانەی پەیوەستن بە شعر و گۆرانی و وەرگێران و گرنگیدان بە ئێكسسوارات و جلوبەرگ و پاراستنیان لە فەوتاندن ئەنجامی بدەن و پلانی چوار ساڵی و 10 ساڵی لەبواری ئەدەبی و رۆشنبیری لە راپۆرتێكدا بە یونسكۆی بدەن بۆ ئەوەی بزانرێت هەتاكو ساڵی 2030 چ كارێك ئەنجام دەدرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group