نەوا
باوكی جولیان ئەسانج دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویكلیكس ترسی ئەوەی هەیە كوڕەكەی لە زیندانەكانی بەریتانیا گیانلەدەستبدات.
جۆن شیبتۆن، كە باوكی جولیان ئەسانج دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویكلیكسە، ئاشكرایكرد، دوو رۆژ لەمەوبەر لە زیندانێكی بەریتانیا سەردانی كوڕەكەی كردوە.
باوكی ئەسانج ئاشكرایكردووە كە دۆخی كوڕەكەی لە زیندانەكەی بەریتانیادا باش نییە و بۆی هەیە لەوێ گیانلەدەستبدات، وتیشی "ئەوەی روودەدات هەموو سنورەكانی تێپەڕاندوە".
پێنجشەممەی رابردوو بەهەمانشێوە، نیڵس مێڵتزەر بڕیاردەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پرسی ئەشكەنجەدان، رەخنەی لە دۆخی جولیان ئەسانج گرت لە زیندانەكانی بەریتانیا، بەوەی مامەڵەیەكی نامرۆڤانەی لەگەڵدا دەكرێت و ژیانی لە مەترسیدایە.
جولیان ئەسانج دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویكلیكسە، كە لەرێگەی ماڵپەڕەكەوە بە ملیۆنان بەڵگەنامەی لەسەر حكومەتی ئەمریكا و سەرۆكی وڵاتانی دیكە و پرسەكانی تاوانی جەنگ و گەندەڵی بڵاوكردەوە، بۆیە واشنتۆن جولیان ئەسانج بە سیخوڕیكردن تۆمەتبار دەكات و دەیەوێت رادەستی ئەمریكا بكرێت.
لە ساڵی 2012 جولیان ئەسانج مافی پەنابەرێتیی لە باڵیۆزخانەی ئیكوادۆر لە لەندەن وەرگرت، بەڵام لە مانگی 4ی ئەمساڵ لەلایەن پۆلیسی بەریتانیاوە دەستگیركرا و ئێستا لەو وڵاتە زیندانیكراوە.