رادیۆ نەوا هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریكی ئاشكرا دەكات

09/11/2019 عێراق

نەوا-كاروان مەحمود 
چەند رۆژێكە نرخی دراوی ئەمریكی "دۆلار" لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان كەمێك بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوەو ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات و رەتیشیدەكاتەوە، هیچ بەرنامەیەك هەبێت بۆ گۆڕانكاری لە دراوی عیراقی. 
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئەوەبوو لە چەند رۆژی رابردوو خۆپیشاندان لە دەوری بانكی مەركەزی بوو بەوهۆیەوە یەك دوو رۆژ بانكی مەركەزی دۆلاری نەخستبووە بازاڕەوەو ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ترسێك دروستببێت و نرخی دۆلار بەرزببێتەوە.
وتیشی: "لە ئێستادا هەوڵەكان لەوبارەیەوە بەردەوامەو بانكی مەركەزی بەپێی یاساو رێنماییەكانی خۆی دۆلار دەخاتە بازاڕەوەو كێشەكە بەرەو چارەسەر دەچێت".
سەبارەت بەوەی دەوترا بەهۆی دەنگۆی گۆڕینی دراوی عیراقی نرخی دۆلار بەرزبوونەوەی تۆماركردووە بەجۆرێك هاووڵاتیان پارەكانیان دەكەنە دۆلار تاوەكو لەكاتی گۆڕانكارییەكە زیانیان پێ نەگات، لەوبارەیەوە شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق ئاشكرایكرد، هیچ پلان و بەرنامەیەك نییە بۆ گۆڕانكاری لە دراوی عیراقی و ئەو دەنگۆیانە دوورە لە راستییەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group