سیحری گەڵاڕێزانی هەورامان، گەشتیارن پەلكێشی خۆی دەكات

19/11/2019

نەوا
مانگەكانی پاییز ڕەزبەر، خەزەلوەر یان گەڵارێزان و سەرماوەزن. لەناویاندا گەڵارێزان دیارترین سیمای پاییزە و لەنێو خەڵكی ئاساییدا دەبێتە مایەی خۆشی بۆیان و هەندێكیان بە خەموەرێن ناوی دەبەن.
پاییز كە لەنێو ئەدەبیاتی كوردیدا بە خەزان ناسراوە، پێگەیەكی گرنگی هەیە لەنێو شیعری شاعیرانداو هەندێك لە شاعیران تەنیا بەدەركردنی یەك دیوان لەسەر پاییز ناوبانگیان دەركردووە، لەوانە محەمەد عومەر عوسمان كە بە ژەنەڕاڵی پاییز ناوی دەركردووە.
مانگەكانی پاییز ڕەزبەر، خەزەلوەر یان گەڵارێزان و سەرماوەزن. لەناویاندا گەڵارێزان دیارترین سیمای پاییزە و لەنێو خەڵكی ئاساییدا دەبێتە مایەی خۆشی بۆیان و هەندێكیان بە خەموەرێن ناوی دەبەن.
هەربۆیە بەشێكی تایبەت لە هاووڵاتیان لەگەڵ هاتنی مانگی گەڵارێزاندا سەردانی ئەو ناوچانە دەكەن كە چێژی پاییزەیان پێ دەدات و لەوێ لەگەڵ وەرینی گەڵاكاندا هەوڵ دەدەن خەمی خۆیان بەباكەن.
هەورامان كە بە چڕی دارودرەختەكەیدا ناسراوە، لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییزدا، گەڵارێزان ناوچەكە داگیر دەكات، بەچەشنێك دیمەنی سەرنجراكێش دەبەخشێت، كە زۆرێك لە گەشتیاران تەنیا بۆ بینینی ئەو سیحرە سروشتییە سەردانی ناوچەكە دەكەن.
وەستا سامان یەكێكە لە دانیشتوانی گوندی بەڵخەی سەر بە هەورامان. ئەو لە قەدپاڵی چیای هەوراماندا كە دەكەوێت نێوان ناحیەی بیارە و شارەدێی تەوێڵە سەرقاڵی دروستكردنی كەبابە لە چێشتخانەكەیدا، ئەو لەكاتی وەرگرتنی پشوودا سەرقاڵی چا خواردنەوەبوو، بەدەم خۆ گەرمكردنەوەی بە ئاگری پشكۆكانەوە باسی لە سەرنجراكێشی ناوچەكە كرد، كە هەر ئەمەشە وای كردووە ژمارەیەك زۆر گەشتیار لە هەر چوار وەرزەكەدا سەردانی هەورامان بكەن.
وەستا سامان ئاماژە بەوە دەكات گەشتیارێكی زۆر تایبەت لە وەرزی پاییزدا روودەكەنە ناوچەكە بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە دیمەنی سەرنجڕاكێشی پاییزی هەورامان و دەڵێت، "هەورامان لە تەواوی وەرزەكاندا گەشتیاری خۆی هەیە، لە هاویندا ژمارەیەكی زۆر گەشتیاری كورد، عەرەب، فارس، تورك روودەكەنە ناوچەكە، لە وەرزی زستانیشدا لەكاتی هاتنی بەفردا خەڵكێكی زۆر روو دەكەنە هەورامان و ماڵی تایبەت هەیە بۆ كرێی و لەوێ دەمێننەوە، بەڵام گەشتیارانی وەرزی پاییز زۆر تایبەتن، تەنیا بۆ بینینی دیمەنی سەرنجراكێشی گەڵارێزان روو دەكەنە ناوچەكە".
لە ناوچەی هەورامان چەندین دارستانی چڕ هەن بەتایبەت لەقەدپاڵی چیای هەورامان لە بەڵخە، لە ئاوێسەری خاڵی سفری سنووری ئێران-عێراق، لە نزیك مەرزی شوشمێ و ناحیەی بیارە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group