وادەی ناردنی پرۆژەی یاسای چاكسازی بۆ پەرلەمان ئاشكرا دەكرێت

07/12/2019

نەوا-كاروان مەحمود 
چاوەڕواندەكرێت لە 1ی كانونی دووەمەوە پەرلەمانی كوردستان بكەوێتە پشووی زستانەو تا ئێستاش پرۆژەی چاكسازی رەوانەی پەرلەمان نەكراوەو سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایدەكات : "لە رۆژانێكی نزیكداو لەم مانگەدا پرۆژەكە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت".
زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری لە پەرلەمانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، لە رۆژانی داهاتوو پرۆژەی چاكسازی لە حكومەتەوە رەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت و ئەو وادەیەش ناگاتە كاتی پشووی زستانەی پەرلەمانی كوردستان.
وتیشی: "هەركات پرۆژەكەش گەیشتە پەرلەمانی كوردستان بەدڵنیاییەوە ئەگەر لەپشووشدابێت كۆبوونەوەی نائاسایی بۆ ئەنجامدەدەین و كاری لەسەر دەكەین، بەڵام من دڵنیام ناگاتە كاتی پشووەكەو لەم مانگی 12یەو لە رۆژانێكی نزیكدا پرۆژەكە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت".
لەبارەی ئەوەی چاوەڕواندەكرێت پرۆژەكە كۆدەنگی لەسەر بێت، زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان وتی: "پرۆژەكە لەلایەن حكومەتەوە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بەڵام هەركات گەیشتە پەرلەمان فراكسیۆنەكان خوێندنەوەی بۆ دەكەن و گفتوگۆی لەسەر دەكەین بۆ دەوڵەمەندكردنی پرۆژەكەو باشتركردنی دواتر پەسەند دەكرێت".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group