"هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر بودجه‌و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان نییه‌"

11/12/2019

نه‌وا-كاروان مه‌حمود 
شاره‌زایه‌كی بواری نه‌وت و گاز ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2020ی عیراق له‌ په‌رله‌مان دوابخرێت حكومه‌تی عیراق ده‌بێت پابه‌ندی ناردنی به‌شێك له‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بێت و خۆ ئه‌گه‌ر بیر له‌ بڕینی بودجه‌ش بكه‌نه‌وه‌ ئه‌وا حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت 80%ى داواكاری مووچه‌خۆران و پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان چاره‌سه‌ر بكات".
عه‌لی حسێن به‌لو شاره‌زای بواری نه‌وت و گاز به‌ رادیۆ نه‌وای راگه‌یاند، دۆخی هه‌رێمی كوردستان له‌ رووی ئابوری و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به‌راورد به‌ چوار ساڵی پێشوو كه‌ حكومه‌تی عیراق بودجه‌ی هه‌رێمی راگرت باشتره‌و له‌ ئێستادا به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و نرخه‌كه‌شی زیاتره‌و دۆخی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانیش باشتره‌ به‌راورد به‌ پێشتر.
باسی له‌وه‌شكرد، عیراق بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان نابڕێت و ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2020ی عیراقیش په‌سه‌ند نه‌كرێت و له‌ په‌رله‌مان دوابخرێت به‌ پێی یاسا پێویسته‌ به‌شێك له‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان مانگانه‌ ره‌وانه‌ بكرێت و بۆ ئه‌وه‌ش مه‌ترسی له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دروست نابێت.
راشیگه‌یاند، تائێستا دیاری نییه‌ دۆخی عیراق چی به‌سه‌ر دێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو جارێكی دیكه‌ش بیر له‌وه‌ بكرێته‌وه‌ بودجه‌و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ببڕێت ئه‌وا وه‌كو پێشتر نابێت و له‌ ئێستادا حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت 80%ی كێشه‌كانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان چاره‌سه‌ر بكات.
سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك و هه‌نارده‌كردنی له‌ رێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، عه‌لی حسێن به‌لو شاره‌زای بواری نه‌وت و گاز بۆ رادیۆی نه‌وا وتی: "زه‌حمه‌ته‌ بتوانرێت نه‌وتی كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌نها له‌ حاڵه‌تێك نه‌بێت كه‌ به‌ هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی بكرێت، جگه‌ له‌وه‌ش حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ نییه‌ جارێكی دیكه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر هاووڵاتی خۆی دروستبكاته‌وه‌و بۆ ئه‌وه‌ش پێویستی به‌جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستوری عیراق هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش پێویستی به‌هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌و به‌دوریشی ده‌زانم له‌ ئێستادا ئه‌و كاره‌ بكرێت". 

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group