چەند دۆسیەیەكی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت

18/12/2019

نەوا-كاروان مەحمود 
جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "هیچ كێشەیەك لەبەردەم لێپێچینەوەكان لەپرسی گەندەڵی نییەو ژمارەیەك دۆسیەش لە ئێستادا بەدواداچوونی بۆ دەكرێت".
سەعید هەركی جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، كارەكانی ئەم كابینەی حكومەت لە ماوەی رابردوو جێگەی دەستخۆشییەو بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەكان لەسەر پرسی گەندەڵی لەلایەن دەستەی دەستپاكی بەردەوامەو هیچ كێشەو گرفتێك نەهاتووەتە پێش بۆ ئەو كەیسانەی لێكۆڵینەوەی تێدا دەكرێت و لیژنەكەشمان لەپەرلەمان بەوردی چاودێری كارەكان دەكەین لەوبارەیەوە.
باسی لەوەشكرد، سەردانی سەرجەم دادگاكانی لێكۆڵینەوەی دەستەی دەستپاكیمان كردووە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان تاوەكو بزانین هیچ فشارێك هەیە لەسەریان، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە كارەكانی خۆیان بەوردی ئەنجامدەدەن و هیچ بەربەستێك لەبەردەمییان نییە بەوەش دەبینین ساڵانە یاخود مانگانە راپۆرتی دەستەی دەستپاكی بڵاو دەكرێتەوەو چەند دۆسیەیەكی گەندەڵی لێكۆڵینەوەی لێكراوەو دراوەتە دادگا تەنانەت پۆستی وەزیری تێدابووە.
جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان  باسی لەوەشكرد، ئێمە بەردەوام دەبین لەكارەكانمان و بۆ ئەم كابینەی حكومەت و پەرلەمانی كوردستان چەند دۆسیەیەك كاری لەسەر كراوەو لێكۆڵینەوە لەبارەی بەردەوامە بەڵام لەئێستادا بەهۆی بەئەنجام نەگەیشتنی دۆسیەكە ناتوانرێت ئاشكرا بكرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group