لە دیداری زانكۆكانی هەولێر داواكرا زانكۆكان سەربەخۆ بكرێن

23/12/2019

نەوا ـ سەعید عەبدوڵڵا ـ هەولێر
دیداری زانكۆكانی هەولێر، كە لەلایەن رێكخراوی چاوی زانكۆ سازكرابوو، بە ئامادەبونی نوێنەری زانكۆكانی هەولێر و رێكخراوە مەدەنیەكان بەڕێوەچوو. 
لەبارەی دیدارەكەوە ئاسودە فاخیر رێكخەری پڕۆگرامەكانی دیدارەكە بەرادیۆی نەوای راگەیاند: ئەم دیدارە و دیداری دووەمیش كە لەشاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، تایبەتمەند دەبێت بە رەوتی كاری زانكۆیی و گەیاندنی ئەو داواكارییانەی كۆمەڵگە بۆ زانكۆكان و دەستكەوت و بەرهەمەكانی زانكۆیە بۆ بازاڕی كار و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی ناو كۆمەڵگە.
باسی لەوەشكرد: ئەو دیدارانە ئامانجێكی تریان ئەوەیە زانكۆ ناوەندی بڕیار بێت، چونكە زۆرترین خەڵكی پسپۆڕی و ئەكادیمی تیایدا بەشدار دەبێت و ئامادەییان هەیە، بۆیە دەكرێت بۆ پرسە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەكانیش بگەڕێنەوە بۆ تواناكانی زانكۆكانی كوردستان، بەتایبەتی كە ئێستا لە ساتی گۆڕینی سیستمەكانیشداین.
لەبارەی بڕیار و راسپاردەكانی زانكۆكان، رێكخەری دیداری زانكۆكانی هەولێر وتی: زانكۆكانی كوردستان لە روی پەیكەری كارگێڕی و كاری زانستی و بڕیارەوە سەربەخۆ نین، بۆیە دەكرێت لەسەر ئاستێكی باڵا بڕیار لەسەر ئەو سەربەخۆكردنەی زانكۆكان بدەن، تا بتوانرێت زانكۆ رۆڵی سەرەكی ببینێت.
دیداری زانكۆكانی شاری هەولێر بە پشتیوانیی سندوقی نیشتمانیی ئەمریكی بۆ دیموكراسی بەڕێوەدەچێت و سەرجەم زانكۆكانی كوردستان تیایدا بەشدارن.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group