هەرێمی كوردستان.. خۆپیشاندانی دەرچوانی دانەمەزراوی زانكۆ و پەیمانگاكان بەڕێوەدەچێت

05/01/2020

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی
ئەنجومەنی دەرچوانی دانەمەزراوی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان لە شاری سلێمانی و شارەكانی دیكە خۆپیشاندانیان بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان دەستپێكرد و لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاند، پێویستە هەلی كاریان بۆ بڕەخسێنن و دەرماڵەیەك بۆ بێ كارەكانیان دابین بكرێت، كە لە 150 هەزار دینار كەمتر نەبێت.
دوای ئەوەی رۆژی 1-12-2019 یاداشتێكیان ئاراستەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم كرد بەمەبەستی دامەزراندن و رەخساندنی هەلی كار، ئەمڕۆ ئەنجومەنی دەرچوانی دانەمەزراو خۆپیشاندانێكیان رێكخست و لەبارەی داواكاریەكانیان بەرهەم محەمەد ئەندامی ئەنجومەنەكە لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، یاداشتەكەیان پەراوێزخراوە و سێ سەرۆكایەتییەكە ئامادەنەبون لەنزیكەوە گوێ بۆ كێشەكانی دەرچوان بگرن و هەوڵی چارەسەركردنی بدەن.
وتیشی "داواكارین هەلی دامەزراندن بۆ دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان بەپێی ساڵی دەرچون و كۆنمرە بەبێ رەچاوكردنی ساڵی تەمەن بڕەخسێنرێت، هەروەها بودجەی تایبەت لە پرۆژەیاسای بودجە بۆ دامەزراندن و بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دابین بكرێت، سەرەڕای دورخستنەوەی كەسانی بیانی بێ بڕوانامە و پڕكردنەوەی بە كەسانی ناوخۆیی و لێهاتو و خاوەن بڕوانامە لە بوارە جیاوازەكاندا".
ئەندامەكەی ئەنجومەنی دەرچوانی دانەمەزراو ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە پرۆژەیاسای قەرزی بچوك كارابكرێتەوە و دەرماڵەیەكیش بۆ ئەو دەرچوانە دابین بكرێت، كە هەلی كاریان نییە و لە 150 هەزار دیناریش كەمتر نەبێت.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group