نەوا زانیاری ورد لەسەر دروستبونی قەیرانی غاز بڵاودەكاتەوە

03/02/2020

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
ئەمڕۆ دووشەممە ئەو كۆمپانیایەی پێشتر گرێبەستی هەبوو بۆ گواستنەوەی سوتەمەنی و غاز بۆ كارگەكان ئاشكرایكرد، بەهۆی نەبونی پێداویستی بۆ گواستنەوەی غاز لەلایەن كۆمپانیا تازەكەوە قەیران دروست بوە، خاوەنی پشكی یەكێك لە كارگەكانیش دەڵێت: غاز بەهیچ شێوەیەك قەیرانی نییەو دروست نابێت تەنها هۆكار بونی دەستە لەپشتی ئەم قەیرانە.
لەو بارەیەوە fنوێنەری كۆمپانیای گۆڵدن جاگوار لە پرێكۆنفرانسێكدا راگەیاند: كۆمپانیاكەمان بۆ ماوەی ساڵێك لە 1/1/2019  تا 31/12/2019  گرێبەستی غازی كۆرمۆر لای ئێمە بوو، لەماوەی ئەمساڵەدا هیچ قەیران و رێگریەك نەبوەو تەواوی ئاسانكاریەكانمان كردوە بۆ ئەوەی بڕی غازی پێویست بگەیەنینە تەواوی شارەكان، بەڵام لە نیوەی  مانگی 12 دوبارە تەندەر دەرچۆیەوە بۆ كۆمپانیایەكی ترو بەهۆكاری ئامادەنەبونی كەرەستەكانی غاز كۆمپانیای دانەغاز و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان داوایان لێكردن بۆ مانگی یەك بەردەوام بین بەڵام  بۆ ماوەی سێ رۆژە ئەو غازە لای ئێمە نەماوەو پەیوەندیمان پێوەی نییە .
سنور جەمال نوێنەری كۆمپانیا لەوڵامی پرسیارێكی رادیۆ نەوا سەبارەت بە وتەی ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی رێژەی غاز لەناو بتڵی غازی ماڵان وتی: لەلای ئێمەوە بڕی دیاری كراو دەنێردرێت و هیچ كەمكردنەوەیەكی تێدا ناكرێت و سەبارەت بە رێژەی غازی ناو بتڵی ماڵان لەلایەن خاوەن كارگەو لیژنەكانی قائیمقامیەت و سەرپەرشتی دەكرێت و بەرپرسیارن.
لای خۆشیەوە سۆران كەمال بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە باسی لەوەكرد: هۆكاری دروستبونی ئەم  قەیرانە دەگەڕێتەوە بۆ نەبونی كەرەستەی پێویست و بەرزی نرخی غاز، چونكە كۆمپانیای دانە غاز نرخی دیاری كردوەو پێكهاتوە لە 346 دۆلار بەڵام كۆمپانیا تازەكە بە 346 دۆلار وەری گرتوە جگە لە تێچوی خۆیان و  17 دۆلاری وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی دەچێتە سەر ئەو نرخەو  ناچارە بە 346 دۆلاریش بیدات بە كارگەكان، دواتر كۆمپانیا تازەكە تەنها 50 گوازەرەوەی غازی هەیەو بەش ناكات بەڵام ئێمە 150 گوازرەوەی تایبەتمان هەبوو.
ئاماژەی بەوەشدا: حكومەت لیوایەكی تایبەتی هەیە بۆ پاراستنی كێڵگە نەوتیەكان و بارهەڵگرەكان و ساڵی رابرود چەند جارێك رێگری لە بارهەڵگرەكانمان كراوە، ئەركی حكومەتە بارهەڵگرەكان بپارێزێت.
 لەلایەكی ترەوە فاتیح كەریم خاوەن پشكی یەكێك لە كارگەكانی پڕكردنەوەی غازی ماڵان لە چوارچێوەی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكە چەندین زانیاری گرنگی باسكردو وتی: غاز بەهیچ شێوەیەك قەیرانی نیەو دروست نابێت تەنها هۆكار بونی دەستە لەپشتی ئەم قەیرانە، ئێستا حكومەت توانای هەیە لەبری یەك بتڵ غاز بە 7 هەزار و 500 بفرۆشێت بە هاوڵاتی كەمی كاتەوە بۆ 6 هەزار، بەهۆی گران وەرگرتنی گرێبەستی غاز لەلایەن كۆمپانیاكەوە بەهۆی ئەوەی زەرەر دەكات قەیرانی غاز دروست دەكات و بە گران دەیفرۆشێت تا جێگای زیانەكانی بۆ بگرێتەوە. 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group