وەزیری بازرگانیی هەرێم: دەروازە سنوریەكان كراوەن و بەهیچ شێوەیەك داناخرێن

14/03/2020

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
كەمال موسلیم وەزیری بازرگانیی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، هیچ قەیرانێكی خۆراك و پێداویستی رۆژانەی هاووڵاتیان نییە و جموجۆڵی بازرگانی و هاوردەكردنی خۆراكیش بەردەوامە. 
بۆ گرتنەبەری رێكاری پێویست لە دابینكردنی خۆراك و پێداویستی رۆژانەی هاووڵاتیان، كەمال موسلیم بە ئامادەبونی سەرۆكی ژورە بازرگانییەكانی هەولێر و سلێمانی لەگەڵ ژمارەیەك لە كۆمپانیا و بازرگانان و بریكارانی هاوردە كردنی خۆراك كۆبوەوە دواتر ناوبراو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ لەگەڵ ژورە بازرگانیەكانی هەرێمی كووردستان و زۆربەی بازرگانان كۆبوینەوە بۆ ئاگاداربون و وردەكاری تەواو لەبارەی خواردەمەنی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان.
وتیشی: دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان هیچ قەیرانێكی خۆراك بونی نیەو هیچ قەیرانێكیش رونادات لەبەر ئەوەی چەندین سەرچاوەی خۆراكمان هەیە، لەوانە كارگەی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان و كارگەكانی عێراق.
ئەوەشی خستەڕو، دەروازە سنوریەكان كراوەن و بەهیچ شێوەیەك داناخرێن و لەهەردوو سنورەكانی ئێران و توركیا دەیان هەزار تەن خۆراك بەڕێوەیە بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامیش دەبن و بەهیچ شێوەیەك هاوردە كردنی خۆراك ناوەستێت، تەنها رێكاری پێویست دەگیرێتەبەر بۆ رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆڕۆنا.
وەزیری بازرگانی باسی لەوەشكرد: راگرتنی هاتوچۆ لە نێوان پارێزگاكان و راگرتنی هاتوچۆی ناو شارەكان بۆ 48 كاتژمێر رێكارێكی كاتیە بۆ روبەڕوبونەوەی كۆڕۆنا و بەهیچ جۆرێك قەیرانی خۆراك دروست ناكات، بە دڵنیاییەوە ئەو دۆخە تێدەپەڕێت پێویستە هەمولایەك پابەندی ئەو رێكارنە بن كە دەگیرێنەبەر بۆ سەڵامەتی تەندروستی خەڵكی كوردستان، خەڵكیش دڵنیا دەكەینەوە بەلایەنی كەم بۆ ماوەی چوار مانگ خۆراكی عەمباركراو لە كۆگاكان هەیەو بەردەوامنیش لە رێگەی بەندەر عەباس و خاڵە سنوریەكانی ئێران و توركیا خۆراك هاوردەی هەرێم دەكرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group