هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: لە هێرشەكەی سەر تاجی سێ سەربازمان برینداربوون

14/03/2020 عێراق

نەوا
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاشكرای كرد، بەهۆی هێرشە موشەكیەكەی رۆژی شەممەی سەر سەربازگەی تاجی لە باكوری بەغدا سێ سەربازیان برینداربوون.
لە راگەیەنراوێكدا فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش  رایگەیاندووە، سێ سەربازیان بەهۆی هێرشە موشەكییەكانی رۆژی شەممەی سەر سەربازگەی تاجی لەباكوری بەغداد برینداربون.
ئاماژە بەوەشكراوە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە ژمارەیەك كارمەندی هێزی بەرگری ئاسمانی عیراق برینداربون كە برینی هەندێكیان سەختە.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەڕاگەیەنراوەكەیدا جەختیانكردۆتەوە هەمو ڕێگەیەك لەبەرامبەر ئەنجامدەرانی  ئەو كردەوەیە دەگرنەبەر.
رۆژی شەممە ژوری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق بڵاویكردەوە، چەندین موشەك ئاراستەی بنكەی سەربازی تاجی كراون و بە هۆیەوە دوو سەربازی سوپا برینداربوون. 
رۆژی چوارشەممەش بە هۆی هێرشێكی موشەكیەوە بۆ سەر بنكەی سەربازی تاجی دوو سەربازی ئەمریكی و سەربازێكی بەریتانی كوژران و لەبەرامبەریشدا بەرەبەیانی رۆژی هەینی فڕۆكە جەنگیەكانی ئەمریكا بوردومانی چەند پێگەیەكی حەشدی شەعبی كرد لە بابل، نەجەف و كەربەلا و بەهۆیەوە سێ سەربازی سوپای عیراق، دوو پۆلیس و هاوڵاتیەكی مەدەنی كوژران و ژمارەیەكی تریش برینداربوون.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group