چین شەمەندۆفێری "بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا"ی بەرەو ئەوروپا بەڕێكرد

22/03/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
وڵاتی چین، لە مۆڵگەی سەرەكیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بووە بە یارمەتیدەری وڵاتانی دیكە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە، لەو چوارچێوەیەدا شەمەندۆفێرێكی باركراو بە پێداویستییە پزیشكییەكان لەو وڵاتەوە بەرەو ئەوروپا بەڕێكەوت.
كەناڵەكانی راگەیاندنی چین بڵاویانكردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ شەمەندۆفێرێك، كە 110 هەزار دەمامك و سەدان جلوبەرگی تایبەت بە خۆپاراستن و پێداویستیی پزیشكیی دیكەی باركردووە، لە وێستگەی "ییوو"ی خۆرهەڵاتی چینەوە بەڕێكەوتووە بەرەو مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، ئەمەش لە چوارچێوەی یارمەتییەكانی چین بۆ وڵاتانی دیكە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێشبینیش دەكرێت گەشتی شەمەندۆفێرەكە دوو هەفتەی پێبچێت.
پێشتریش چین یارمەتیی پزیشكیی بۆ چەند وڵاتێكی دیكە ناردووە، لە نمونەی ئیتاڵیا و عیراق، ئەمەش دوای ئەوەی لەناوخۆی وڵاتەكە توانراوە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەتەواوەتی سنوردار بكرێت و رێژەی توشبوون و گیانلەدەستدان لە چین تا ئاستێكی زۆر نزمبۆتەوە.
ناردنی ئەو یارمەتییانەی چین بۆ ئیسپانیا لەكاتێكدایە، حكومەتی ئیسپانیا لە نوێترین راگەیەندراویدا دەڵێت "هێشتا خراپترین دۆخ نەهاتوە"، ئەمەش دوای ئەوەی نزیكەی 26 هەزار كەس لەو وڵاتە توشی ڤایرۆسەكە بوون.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group