نه‌وا-كاروان مه‌حمود
لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، چوڵكردنی بنكه‌كانی ئه‌مریكا له كه‌ركوك بێگومان كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ره‌وشی ئه‌منی ناوچه‌كه و پرۆسه‌ی سیاسی له كه‌ركوك و ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت.
حه‌مه سوور دووشیوانی لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به رادیۆ نه‌وای راگه‌یاند، له‌ماوه‌ی رابردوو پرۆسه‌ی سیاسی له عیراق تاراده‌یه‌كی زۆر توشی شه‌له‌ل بووه و جگه له‌وه‌ش هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دوركه‌وتنه‌وه‌ی حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر له هه‌ندێك جومگه‌ی سیاسی عیراق، كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی عیراق هه‌بوو، جگه له‌وانه‌ش كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌مكاته‌دا له كه‌ركوك و ناوچه‌كانی دیكه و بوونی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی له هه‌ندێك شوێن، به‌تایبه‌ت له حه‌ویجه و ریاز، كه ئه‌وانیش سه‌ر به كه‌ركوكن، كه‌شێك دروستبووه پێویستی به‌چاره‌سه‌ركردن هه‌یه.
وتیشی: "له ئێستادا ئێمه و لایه‌نه‌كانی دیكه به‌هاوكاری حكومه‌تی خۆجێیی له كه‌ركوك له هه‌وڵداین دۆخێك دروست بكه‌ین تا ئارامی و ئاسایش بۆ شاره‌كه و خه‌ڵكی كه‌ركوك بگێڕینه‌وه".
جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه "بێگومان چۆڵكردنی بنكه‌كانی ئه‌مریكا له كه‌ركوك كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر ره‌وشی ئه‌منی ناوچه‌كه و پرۆسه‌ی سیاسی له كه‌ركوك، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت هه‌مووان به‌پێی دۆخه‌كه چاره‌سه‌رێك دیاری بكه‌ین بۆ یه‌كڕیزی نێوماڵی كوردی و بوونی په‌یوه‌ندیش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه و حكومه‌تی ناوچه‌كه‌ش، چونكه حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵیش له كه‌ركوك بونیان هه‌یه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات زیاتر به‌ده‌ست حكومه‌تی فیدراڵییه، ئومێد ده‌كه‌ین ئه‌و بۆشاییه‌ی دروستبووه به‌هه‌موان چاره‌سه‌ری بكه‌ین و نه‌هێڵین كاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌ڵكی كه‌ركوك هه‌بێت".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له چه‌ند رۆژی رابردوو نیگه‌رانییه‌ك هه‌بوو له رێگریكردن و رێگه‌نه‌دان به گه‌ڕانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ئه‌وانه‌ی له ئه‌ركدا نه‌بوون بۆ كه‌ركوك، لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بۆ نه‌وا وتی "پێشتر بڕیارێك له حكومه‌تی عیراقه‌وه درا، سه‌رجه‌م بازگه‌كانی كه‌ركوك داخران به‌ڕووی پارێزگاكانی دیكه و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ پارێزگای هه‌ولێریش تاراده‌یه‌ك بازگه‌ی كه‌ركوك داخرا، ئه‌وه‌ی مابوه‌وه رێگه‌ی نێوان كه‌ركوك–سلێمانی بوو، به‌شێكی زۆری كردنه‌وه‌ی ئه‌و رێگه‌یه‌ش له‌سه‌ر داوای ئێمه بوو، چونكه ناوه‌ندی بڕیاری سیاسیمان سلێمانییه و مه‌به‌ستمان بوو ئه‌م رێگه‌یه كراوه‌بێت بۆ حاڵه‌تی گرنگ، به‌ڵام ئێستا كێشه‌ی زۆری بۆ دروستكردوین، زۆربه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یه و پۆلیسی سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكیش كه ئاواره بوون و ژماره‌یه‌كیش كه خۆیان خه‌ڵكی سلێمانین، به‌هۆی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی خۆجێیی سلێمانی فشاری زۆر ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یه‌نه ده‌ره‌وه و له‌ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه، به‌وه‌ش به‌شێكیان بێزار بوون و ده‌یانه‌وێت بێنه كه‌ركوك، چونكه تاراده‌یه‌ك هاتوچۆ هه‌یه، ئه‌وه‌ش تاراده‌یه‌ك به‌كارهێنراوه بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌ت و كێشه‌ی دروستكردووه".
باسی له‌وه‌شكرد "خه‌ڵك هه‌یه له پێنجوێن یاخود له سلێمانی و له شوێنه‌كانی دیكه ده‌وامی هه‌بووه دێنه ناو كه‌ركوك نازانرێت كێشه‌یان چییه و مه‌ترسیی په‌تاكه‌یان هه‌یه یاخود نا، به‌وه‌ش نیگه‌رانی لای خه‌ڵكی كه‌ركوكیش دروستبووه، چونكه هه‌ركه‌س له پارێزگاكانی دیكه‌وه بێته كه‌ركوك بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته ده‌خرێن كه‌ره‌نتینه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له سلێمانییه‌وه دێن هه‌ركه‌سێك بێت كه‌ره‌نتین ناكرێت له‌به‌ر داواكه‌ی ئێمه، به‌ڵام ره‌نگه ئه‌وه‌ش بۆ ئێمه ببێته كێشه و چه‌ند جارێكیش حكومه‌تی عیراقی ئاگاداریان كردووینه‌ته‌وه له‌و هاتوچۆیه و داوایكردووه چاره‌سه‌ری بكه‌ین، ئێمه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی پیویستمان به هاوكاری هه‌مووان هه‌یه، چونكه ناكرێت پێشمه‌رگه‌یه‌ك مۆڵه‌ت بێت و نه‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه شوێنی خۆی".
ئه‌وه‌شی رونكردنه‌وه "نزیكه‌ی 3 بۆ 5 هه‌زار كه‌سوكاری شه‌هیدان كه مووچه‌یان له‌سنوری هه‌رێمی كوردستانه، وا رێككه‌وتووین لیژنه‌یه‌ك بێته كه‌ركوك لێره مووچه‌كانیان وه‌ربگرن، ئه‌وه بۆ مامۆستایان و چینه‌كانی دیكه‌ی مووچه‌خۆرانیش به‌هه‌مان شێوه كاریان بۆ كراوه، كه‌واته له‌و هاتوچۆیه كێشه‌مان بۆ دروستبووه و تا ئێستاش چاره‌سه‌ر نه‌كراوه". ئه‌وه‌شی باسكرد، له‌گه‌ڵ مسته‌فا چاوره‌ش به‌رپرسی هێزه‌كانی 70ی پێشمه‌رگه قسه‌ی كردووه تاوه‌كو گۆڕانكاری له ده‌وامی پێشمه‌رگه نه‌كرێت ئه‌م ماوه‌یه مۆڵه‌ت رابگیرێت تاوه‌كو ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كه‌ركوكه ده‌وام نه‌كات، ئه‌و بڕیاره‌كه‌ی ده‌ركردووه تاوه‌كو كارئاسانی بكرێت به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستا پابه‌ند نه‌بوون پێوه‌ی.