نەخۆشخانەی رزگاری دەكرێتە ناوەندی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا لە هەولێر

05/04/2020

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە هەولێر رایگەیاند، ئێستا نەخۆشخانەی رزگاری تەرخانكراوە بۆ هەڵگرانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، چونكە دوو نەخۆشخانەكەی دیكەی هەولێر پڕ بون.
لەو پرێس كۆنفرانسەدا، كە نیوەڕۆی رۆژی یەكشەممە 5-4-2020 لە هەولێر بەڕێوەچو، وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان وتی "ئەو پڕوپاگەندەیەی دەكرێت لەبارەی بڵاوبونەوەی گازێك و ئەو 48 كاتژمێرە گوایە بۆ ئەو بابەتەیە، هەمووی رەتدەكەینەوە و ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە و ئەوانەشی سەرچاوەی بڵاوكردنەوەی ئەو دەنگۆ و پڕوپاگەندانەن، ئەوا لەڕێگەی داواكاری گشتییەوە داوای یاساییان لەسەر تۆماردەكەین و بەدوایدادەچین".
وتیشی "ژمارەی حاڵەتەكانی توشبون بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 233 حاڵەت، سێ كەس گیانیانلەدەستداوە بەو ڤایرۆسە، لەنێو توشبوانیشدا 32 حاڵەت تەنها لە یەك گەڕەك هەبون، كە بەركەوتنیان لەنێو پرسەیەكدا هەبوە و ئەوەش نیشاندەرێكی زۆر ترسناكە و لە هەمان گەڕەك پرسەیەكی دیكەش هەبوە و ئێستاش تیمەكانی تەندروستی لەو گەڕەكەن و پشكنین دەكەن و ئەوانەشی بەركەوتە بون با پشكنین بكەن".
هەروەها رونیكردەوە، رێكخستنی ئەو پرسەیە كارێكی نایاسایی و ناتەندروستی بوە و سەرپێچیكردنی رێنماییەكان بوە، چونكە ئەوە بەیاننامەمان هەبوە بۆ بڵاوەپێكردنی بەریەككەوتن لە شوێنی جەنجاڵیدا، ئێستاش بەدوای بەركەوتەكانەوەین و دڵنیاین بەركەوتەی دیكە هەیە. هەر شوێنێكیش پێویست بێت كەرەنتینی دەكەین، بەڵام دوای ئەوەی روپێوێكی زانستیی پزیشكی ئەنجامدەدرێت".
لەبارەی ژمارەی چاكبوەكانیش، دكتۆر سامان بەرزنجی دەڵێت "تا ئێستا 85 حاڵەت چاكبونەتەوە، كە 62یان لە سلێمانی، 17یان لە هەولێر و 6یشیان لە دهۆك چونەتەوە ماڵەوە".
هەروەها لە بەشێكی دیكەی پرێس كۆنفرانسەكەدا، دكتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێم رایگەیاند، ئێستا نەخۆشخانەی رزگاری تەرخانكراوە بۆ هەڵگرانی ئەو ڤایرۆسە، چونكە دوو نەخۆشخانەی دیكەی هەولێر پڕبون.
داوای لە دەزگاكانی میدیاش كرد لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هاوئاهەنگی بكەن بۆ قسەكردن و بڵاوكردنەوەی زانیاری دروست لەسەر ڤایرۆسەكە.
هەروەك وتی "بەپێی پلانی دووەمی وەزارەتی تەندروستی شوێنی گەورە و فراوان تەرخاندەكەین بۆئەوەی نەخۆش وەربگرین، بەڵام تائێستا پێویست نەبوە، چونكە هێشتا دۆخەكە بەپێی توانای وەزارەتی تەندروستییە".


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group