كەرەنتینی سێبیران كۆتاییهات و كۆمەڵگەكە بە مادەی دژە ڤایرۆس پاكدەكرێتەوە

05/04/2020

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
دوای 15 ڕۆژ لە جێبەجێكردنی، رۆژی یەكشەممە 5-4-2020 كەرەنتینی كۆمەڵگەی سێبیران كۆتاییهات و تیمەكانی بەرگری شارستانی تەواوی كۆمەڵگەكە بە مادەی دژە ڤایرۆس پاكدەكەنەوە.
لەبارەی پاككردنەوە و رشاندنی مادە دژە ڤایرۆسەكە، نەقیب سەركەوت كاڕەش وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ رۆژنامەنوسان وتی "وادەی كەرەنتینی كۆمەڵگەی سێبیران تەواوبوە و دوای ئەوە لەسەر فەرمانی پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەڕی تەندروستیی هەولێر هەموو تیمەكانی بەرگریی شارستانی هاتون كۆمەڵگەكە بە مادەی دژە ڤایرۆس دەڕشێنن تا تەواوی كۆمەڵگەكەش نەڕشێنن، ناگەڕێینەوە".
لەلایەن خۆیشیەوە تۆڵە مەهدی خۆشناو بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری، كە كۆمەڵگەی سێبیران لە سنوری ناحیەكەیاندایە، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ماوەی 15 رۆژە كۆمەڵگەی سێبیران كەرەنتین كراوە و دوای ئەو ماوەیە كۆمەڵگەكە ئێستا پاكە.
وتیشی "رۆژی 4-4-2020، 100 پشكنینی دیكە بۆ كۆمەڵگەكە كراوە و تەواوی پشكنینەكان نێگەتیڤ بون، بۆیە بڕیاردرا كەرەنتینی كۆمەڵگەكە كۆتایی بێت و بە دژە ڤایرۆس دەڕشێنرێت".


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group