سوتانی تاوەرەكانی تەكنەلۆژیای 5G لە بەریتانیا بەردەوامە و كۆمپانیاكانیش داوای بەهاناوەچون دەكەن

07/04/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
گەورەترین چوار كۆمپانیای هێڵەكانی مۆبایل لە بەریتانیا لەبەیاننامەیەكی هاوبەشدا داوای هاوكاری دەكەن بۆ رێگەگرتن لەوانەی بڕوایان بە "بیردۆزی پیلانگێڕی"ی هەیە و تاوەرەكانی تەكنەلۆژیای "نەوەی پێنجەم 5G" دەسوتێنن، گوایە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاودەكاتەوە.
لەبەیاننامەیەكی هاوبەشی كۆمپانیاكانی "ئی ئی"، "ئۆ 2"، "سری" و "ڤۆدافۆن" دا هاتوە، هەفتەی رابردوو چەندین تاوەری تەكنەلۆژیای 5G لە بەریتانیا سوتێنراون، ئەوەش دوای ئەوەی "بیردۆزی پیلانگێڕی" بەوەوە بەسترایەوە، كە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ‌ لەرێگەی ئەو تەكنەلۆژیاوە دەگوازرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی جیهانی نییە ئاماژە بەبونی هیچ پەیوەندییەك بكات لەنێوان بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە و ئەو تەكنەلۆژیایەدا.
ئەوەش هاتوە، ئەو پروپاگەندانە هیچ بنەمایەكیان نییە و تەنها زیانگەیاندنە بە كۆمپانیاكان و ئەو كەسانەی پشت بە خزمەتگوزاریەكانیان دەبەستن، هەروەها ئەوەش بوەتەهۆی سوكایەتیكردن بە ئەندازیارەكانیان و لە هەندێك حاڵەتدا رێگەش نەدراوە چاكسازی لەو تۆڕانەدا بكرێت.
هەروەها لە بەیاننامەكەی ئەو كۆمپانیایانەدا هاتوە "تكایە هاوكاریمان بكەن و بوەستن لە ئەنجامدانی ئەو كارەو ئەگەر بینیتان خراپ مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرەكانمان دەكرێت ئەوا ئاگادارمان بكەنەوە و ئەگەر زانیاری هەڵەشتان بینی ئەوا پەیوەندیمان پێوەبكەن".
تائێستا 4 تاوەری كۆمپانیای "ڤۆدافۆن" و یەك تاوەری كۆمپانیای "ئی ئی"ش سوتێنراون، كە هێشتا دەستی نەكردبوو بە كاركردن.
لای خۆیشیەوە ئیدارەی كاروباری ئەلیكترۆنی و راگەیاندن و وەرزشی بەریتانیا تەئكیدیكردوەتەوە، بیردۆزی پیلانگێڕی وێرانكەرە و داوای لە رێكخراوە تایبەتمەندەكان كردوە هەوڵی زیاتربدەن بۆ رێگریكرن لە بڵاوبونەوەی ئەو بیردۆزە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group