سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەدواداچون بۆ دوایین پێشهاتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات

07/04/2020

نەوا
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستی و پارێزگارەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین، بەدواداچوونی بۆ دوایین پێشهاتەكانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا كرد‌.
ئەمڕۆ سێشەممە 7-4-2020 نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەندییەكەدا لەگەڵ لایەنە بەرپرسەكان، دوایین پێشهاتەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێكارەكانی حكومەت و لایەنە پەیوندارەكانی بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاكە تاوتوێكرد و لە دۆخی پارێزگاكان و هەردو سنوری گەر‌میان و ڕاپەڕین و بەڕێوەچوونی كارەكان و پێداویستی و كەموكورییەكان و كاریگەریی دەرهاویشتە و لێكەوتەكانی پەتاكەی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانی پرسییەوە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاس و دەستخۆشی لە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی و پارێزگا و ئیدارەكان و یەكە كارگێڕییەكان و پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و پێشمەرگە و ئاسایش و تەواوی هێزەكانی ناوخۆ و كارمەندانی دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكان و دەزگاكانی راگەیاندن و هەموو ئەوانە كرد كە لە بەرەنگاربوونەوەی پەتاكەدا‌ بەشدارن و هەموو هەوڵێك بۆ كۆنترۆڵكردنی دەدەن.
هەروەها سوپاسی هاووڵاتییانی كرد كە پابەندی رێنماییەكانن بۆ خۆپاراستن و داوایكرد هەمووان تا ئەوپەڕی بەردەوام بن لە پابەندی و هاوكاریی هەوڵەكانی حكومەت بكەن بۆ رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی زیاتری پەتاكە، دووپاتیشی كردەوە كە رێكار و رێنماییەكان و پابەندیی هاووڵاتیان تائێستا ئەنجامی باشی بەدەستەوە داوە و هیوای خواست بە هاوكاریی هەموو لایەك ئەم دۆخە سەختەش تێپەڕێنرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group