"له‌ به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌تی داهاتوی عیراقدا به‌ یه‌ك دێڕ باسی كورد كراوه‌"

08/04/2020 عێراق

نه‌وا-كاروان مه‌حمود 
په‌رله‌مانتارێكی كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ حكومه‌ت له‌ به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌ته‌كه‌یدا به‌ یه‌ك دێڕ باسی كوردی كردوه‌، به‌ڵێنیشیداوه‌ له‌ ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌رده‌وام بێت.
د.رێبوار كه‌ریم مه‌حمود ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق به‌ رادیۆ نه‌وای راگه‌یاند، عه‌دنان زورفی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتوی حكومه‌تی عیراق له‌ به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌ته‌كه‌یدا به‌ یه‌ك دێڕ باسی كوردی كردوه‌ ئه‌ویش "چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ كورد"، ره‌نگه‌ زیاتر په‌یوه‌ندی به‌دانانه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانه‌وه‌ هه‌بێت و ئه‌مه‌ بۆ كورد و بۆ سوننه‌كانیش راسته‌.
ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، كێشه‌ی كورد پێشتر له‌گه‌ڵ كابینه‌كه‌ی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی له‌سه‌ر داواكارییه‌كان نه‌بوه‌ هێنده‌ی په‌یوه‌ندی به‌دانانه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی ئێستا هه‌بوو به‌تایبه‌ت بۆ لایه‌نێَكی دیاریكراو، كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستانه‌.
سه‌باره‌ت به‌ بۆچوونی ئه‌وان له‌سه‌ر پشتیوانی كابینه‌كه‌ی زورفی، د.رێبوار كه‌ریم مه‌حمود ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق وتی "ئێمه‌ هیچ گرفتێكمان له‌گه‌ڵیدا نییه‌، چونكه‌ گفتوگۆمان له‌گه‌ڵدا كردوه‌ و به‌ڵێنی داوه‌ له‌ به‌رده‌وامی ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م یه‌ك دوو رۆژه‌ ده‌گوزه‌رێت ره‌نگه‌ عه‌دنان زورفی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق پشتیوانی زۆرینه‌ی شیعه‌كانی له‌ده‌ستدابێت".


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group