پەرلەمانتارێك: ئەمڕۆ مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەسپێردرێت

09/04/2020 عێراق
عەدنان زورفی

نەوا
عەدنان زورفی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی دەبەستێت، بێ ئەوەی ناوەڕۆكەكەی ئاشكرابكرێت، پەرلەمانتارێكی سائیرونیش دەڵێت، ئەمڕۆ مستەفا كازمی رادەسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت.
نوسینگەی عەدنان زورفی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، كاتژمێر 10:30ی ئەمڕۆ زورفی لە بینای سەرۆكایەتیی كۆمار كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی ئەنجامدەدات، بێ ئەوەی ناوەرۆكی كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكە ئاشكرابكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە زۆرێك لە پێشبینییەكان بەرەو ئەوەن زۆرێك لە لایەنە عیراقییەكان رێككەوتبن لەسەر ئەوەی مستەفا كازمی رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت.


لەو بارەیەوە عەلا روبەیعی پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سائیرونی سەر بە موقتەدا سەدر راگەیاندووە، ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، بەئامادەبوونی كوتلە سیاسییە شیعەكان، مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەسپێرێت.
لەبارەی هەڵوێستی سائیرون، روبەیعی  رونیكردەوە، هەر لە سەرەتای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی تائێستا هەڵوێستی سائیرون روونە، دەیەوێت كەسێك ببێتە سەرۆكوەزیران كە رێككەوتنی  كوتلە سیاسییەكانی لەسەربێت و  جێگەی رەزامەندی مەرجەعییەت و شەقامی عیراقی بێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group