بڕیاری هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی تاك و جوت راگیرا

26/04/2020

نەوا
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بڕیاری تایبەت بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بەشێوەی تاك و جوت لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا تا كاتێكی دیكە رادەگیرێت.
هەڤاڵ ئەبوبەكر، كە سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانییە بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا، لە بڕیارێكدا كە بۆ هەموو یەكە كارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی گشتاندنی بۆ كراوە، دەڵێت "دوای هەڵسەنگاندنی مەیدانیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی بڕیارمان دا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕگەی 10 لە راگەیاندنی لیژنەكە تایبەت بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانی پەیوەست بە دیاریكردنی ژمارەی تاك و جوت بۆ هاتوچۆی رۆژانەی ئۆتۆمبێلەكان لە ڕۆژی 27-4-2020ەوە تا كاتێكی تر".
رونیشكراوەتەوە، ئەو بڕیاری هەڵپەساردنە بەهۆی ئەوەیە هێڵەكانی گواستنەوەی گشتی وەك پێویست نەكەوتونەتەوە كار و ئۆتۆمبێلی تاكسیش لەسەر بنەمای فەرمانی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بە سیستمی تاك و جوت كاردەكەن و هاووڵاتیان بۆ هاتوچۆ پشت بە خۆیان دەبەستن.
هەڤاڵ ئەبوبەكر تەئكیدیشیكردوەتەوە، ئەو بڕیارە لە زەمینەیەكی گونجاو و لەبارتردا بەمەبەستی كەمكردنەوەی قەرەباڵغی سەرشەقامەكان و كەمكردنەوەی روداوی هاتوچۆ و راگرتنی ژینگەی پارێزگای سلێمانی، جێبەجێ دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group