نه‌وا-لاڤه كورده
زیاتر له 50 رۆژه موچه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران دابه‌شنه‌كراوه و سه‌ره‌ڕای گردبونه‌وه‌و خۆپیشاندانیش وه‌ڵامێكی فه‌رمی نیه بۆیان كه ئایا هه‌موو مانگێك موچه‌یان له كاتی خۆیدا پێده‌درێت یاخود نا، بارودۆخه‌كه تاكه‌ی درێژه ده‌كێشێت؟ پارێزه‌رێك و چالاكوانێكی مه‌ده‌نی پێیوایه كه نه‌مانی موچه هه‌ره‌س به حكومه‌تی هه‌رێم ده‌هێنێت.
كاروان كازم پارێزه‌ر و چالاكوانی مه‌ده‌نی له‌میانی به‌شداری به‌رنامه‌ی شه‌قام-ی رادیۆ نه‌وا وتی: "به‌پێی یاسای راژه‌ی شارستانی كه تێیدا فه‌رمانبه‌ر و ئیداره هه‌یه، فه‌رمانبه‌ر پابه‌نده به ده‌وامی خۆیی و له به‌رامبه‌ردا ئیداره‌كه حكومه‌ته ده‌بێت موچه بدات، به‌ڵام له ساڵی 2014ه‌وه له هه‌رێم ئیداره نه‌یتوانیوه پابه‌ندبونی خۆی بسه‌لمێنێت و مانگانه له كاتی خۆیدا موچه بدات، بێگومان ده‌ستبردن بۆ قوت و بژێوی خه‌ڵك هه‌روه‌ها برسیكردن جۆرێكه له كوشتن، ئه‌م دۆخه به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا كه هه‌یه نابێت به‌رده‌وام بێت و ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رێكی بۆ نه‌دۆزرێته‌وه ئه‌وا نه‌مانی موچه هه‌ره‌س به حكومه‌ت ده‌هێنێت، هه‌رچه‌نده حكومه‌ت ده‌مێكه شكستی هێناوه".
هه‌ر له به‌رنامه‌كه‌دا مامۆستا عه‌بدولواحید محه‌مه‌د سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان وتی: "له یاسای په‌سه‌ندكراوی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان له په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌موو رێكاره‌كانی لای حكومه‌ت ئه‌وه‌ی تێدا هاتوه كه خۆپیشاندان و گردبونه‌وه و به‌یاننامه و یاداشت و واژۆ كردن و كۆكردنه‌وه رێگه‌پێدراو یاسایین و هه‌مو هاووڵاتیه‌ك مافی خۆیه‌تی بۆچونی ده‌رببڕێت و هه‌موو ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی ده‌كرێت بۆ لێدان له لایه‌نێك نیه و پێشتریش داوامانكردوه كه خۆپیشاندانه‌كان بێلایه‌ن بێت".