وەزارەتی دارایی هەرێم رونكردنەوە لەسەر بەرنامەیەكی رادیۆ نەوا دەدات

22/05/2020

نەوا
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان رونكردنەوەیەك لەسەر وتەكانی رێكەوت زەكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەدات و جەختدەكاتەوە، كە لیژنەی لامەركەزیی پارێزگای سلێمانی بەپێی یاسا بە وەزارەتی دارایی و ئابوریی نەناسێنراوە.
رۆژی پێنجشەممە 21-5-2020 رێكەوت زەكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەندامی لیژنەی ئەنجومەن تایبەت بە لامەركەزی، لە بەرنامەی "نیو كاژێر"ی رادیۆ نەوادا، وتی "دوایین كۆبونەوەیان لەگەڵ بەڕێوەبەری گەنجینەكانی سلێمانی بووە بۆ وەرگرتنی داتا لەبارەی داهاتی پارێزگاكە، بەڵام ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم رێگرییكردووە لەوەی ئەو بەڕێوەبەرانە بێنە بەردەم لیژنەكە، دوای چەند هەوڵێك و سێ جار گۆڕینی ڕا، دواجار رازیبووە بەڕێوەبەری گەنجینەكان بێنە بەردەم لیژنەكە، بەڵام بەو مەرجەی هیچ داتایەكی تایبەت بە داهاتی سلێمانی نەدەن بە لیژنەكەی لامەركەزی".
لە بەرانبەر ئەو رونكردنەوانەی نێو بەرنامەكەی رادیۆ نەوا، شەوی هەینی 22-5-2020 وەزارەتی دارایی هەرێم ئەم رونكردنەوەیەی بڵاوكردەوە:
ڕونكردنەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە
بەڕێز رێكەوت زەكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لێدوانی داوە گوایە بەرێز ( ئاوات شێخ جەناب) وەزیری دارایی و ئابوری رێگری كردوە لەوەی بەرێوەبەری گەنجینەكانی سلێمانی داتاو زانیاری داهات بدەن بە لیژنەی لامەركەزی. بە پێویست و گرنگمان زانی ئەم رونكردنەوەیە بدەین بۆ ئەوەی ڕای گشتی لێ ئاگاداربێت:
1-لیژنەی لامەركەزی بەپێی یاسا بە وەزارەتی دارایی و ئابوریی نەناسێنراوە، تاوەكو هاوكاری پێویستی بكات و زانیاری بداتێ.
2-بەپێی یاسا، خەزێنەكان و بانكی ناوەندی هەرێم ناتوانن هیچ زانیارییەك بدەن بەهیچ لایەنێك، چونكە بەپێی یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (3) ساڵی 2009 هەمواركراو پاڵپشت بە بڕگەكانی مادەی 6 پێویستە نوسراو ئاراستەی وەزارەتمان بكرێت و هەماهەنگی دروست بكرێت، تەنانەت پەرلەمانی كوردستان كە بەرزترین دەزگای یاسادانان و چاودێرییە بەهەمان ڕێسا كاردەكات، واتە ئەبوایە ئەنجومەنی پارێزگا بەهەمان ئاراستە بجوڵێتەوە بۆ ئەوەی هەماهەنگی بكرێت، (بەڕێز بەرێوەبەری بانكی ناوەندی هەرێم (سلێمانی ) ئەم رونكردنەوەی بۆ لیژنە بەرێزەكەتان داوە كە داواكاریەكەتان داوایەكی نایاساییە).
3-جێگای سەرسوڕمانە كە ئەنجومەنی پارێزگا ئاگادارنەبێت كە تەواوی زانیاری لەسەر داهات و خەرجی لە خەزێنەكان و بانكی ناوەندی هەرێم (سلێمانی) نییە و خەزێنەكان تەنها ئاگاداری خەرجیە مەڵبەندیەكانن و زانیاری وردو دروستیان لانییە.
4-پرسی لامەركەزی لە دوتوێی بەرنامەی حكومەتدایە كە هی هەمو لایەنەكانە بەتایبەت سێ لایەنی پێكهێنەری حكومەت، بۆیە نەداهێنانێكی نوێیەو لیژنەی باڵای جێبەجێكاری بەرنامەكەش ئەنجومەنی وەزیرانە، واتە هەرسێ لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت.
5-ئەنجومەنە بەرێزەكانی هەرسێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك گەواهی ئەوە ئەدەن كە بەرێز وەزیری دارایی و ئابوری داكۆكیكارێكی سەرسەختی پرەنسیپی لامەركەزیە و هەرلەسەرەتاوە لە كارە لە پێشینەیەكانی بەرێزیانە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری
22-5-2020

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group