ژوری ئۆپراسیۆنی هەولێر چەند بڕیارێكی راگەیاند

29/05/2020

نەوا
ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێر چەند بڕیارێكی سەبارەت بە دۆخی كۆرۆنا راگەیاند و هۆشداریش دەداتە هاوڵاتیان كە ئێستا كۆرۆنا گەیشتوەتە قۆناغێكی مەترسیدار، ئاماژە بەوەشدەكات، كە بەشێكی ئەوانەش كە بەمدواییە توشی پەتاكە بوون، باری تەندروستییان ناجێگیرە.
لە یەكێك لە بڕیارەكاندا ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر بڕیاریدا لە رۆژی یەكشەممەی داهاتووەوە  دەبێت ئوتومبێلەكانی گواستنەوەی گشتی و تاكسی بە سەرنشینەكانیانەوە پابەندی بەستنی ماسك بن و جەختیشی كردەوە كە "سەرپێچیكاران توشی سزا دەبنەوە."
بڕیارێكی دیكەش تایبەتە بە سەردانكردنی شاری هەولێر و تیایدا هاتووە: "بۆ هاتنی ئەو هاوڵاتییانەی كە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان دەیانەوێت بێنە پارێزگای هەولێر، بەپێی سیستەمی ڕێگەپێدانی ئەلكترۆنی دەبێت كە لەسەر وێب سایتی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دانراوە."

دەقی بڕیارەكانی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی هەولێر:
 
دوا بەدوای بەیانی ژمارە (37)ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2020.5.27، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە 2020.5.28، بەسەرپەرشتی د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆبووە و كۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:-          
                                                           
یەكەم/ بە پشتبەستن بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕۆژی یەك شەممە 2020.5.31 وە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەكانی گواستنەوەی گشتی و تاكسی بەسەرنشینەكانییەوە، دەبێت پابەندبن بە بەستنی (دەمامك) و جێ بەجێ كردنی ڕێنماییە تەندروستیەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەپێچەوانەوە سەرپێچی كاران ئەو سزایەیان بەسەردا دەسەپێ كە لە خاڵی (دەیەم)ی بەیانی ژمارە (37)ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی پێدراوە.                         
 
دووەم/ سەرجەم (مۆڵ، ماركێت، مینی ماركێت، دوكان، بازاڕ و شوێنە گشتیەكان) ئاگادار دەكەینەوە، پابەندبن بە جێ بەجێ كردنی گشت ڕێنماییە تەندروستییەكان بە تایبەتی بەستانی (دەمامك) بۆ كرێكاران و خاوەنی دوكان و فرۆشیاران و ئەو هاوڵاتییانەشی سەردانی ئەو شوێنانە دەكەن، بە پێچەوانەوە ڕێكاری یاساییان لە بەرمبەردا دەگیرێتەبەر.                 
 
سێیەم/ ئەو هاوڵاتییانەی كە لە پارێزگاكانی تری عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەیانەوێت بێنە پارێزگای هەولێر، چ هاوڵاتی سڤیل بن، یان هێزە ئەمنییەكان، بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت پابەندبن بەوەی لەسەر ئەركی خۆیان بۆماوەی (48) كاتژمێر كەرنتین بكرێن و دوای دەرچوونی پشكنینەكانی ڤایرۆسی كۆرونا كە تێچووی پشكنییەكە لەئەستۆی خۆیانە لە ماڵەكانی خۆیان بمێننەوە، یان بڕوانامەی تووش نەبوونیان ڵەگەڵدابێت كەپێش (24) كاتژمێر لەهاتنییان بۆ پارێزگای هەولێر دەرچووبێت، دەبێت لەماڵەوە خۆی كەرەنتین بكات، بەپێچەوانەوە هەموو ئەوانەی لەو پارێزگا و ناوچانەوە دەیانەوێت بگەڕێنەوە شاری هەولێر ڕێگەیان پێنادرێت.
 
چوارەم/ بۆ هاتنی ئەو هاوڵاتییانەی كە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان دەیانەوێت بێنە پارێزگای هەولێر، بەپێی سیستەمی ڕێگەپێدانی ئەلكترۆنی دەبێت كە لەسەر وێب سایتی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەناونیشانی (mio.gov.krd) دانراوە.
 
پێنجەم/ هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەكەینەوە، ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتۆتە قۆناغێكی مەترسیدار و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە تەشەنكردنی زیاتر دایە و سەرچاوەی بەشێك لە تووشبوانی ئەم دوایەش نادیارە و بەشێكی ئەوانەشی لەم دوایەدا توشی ڤایرۆسەكە بوونە باری تەندروستییان ناجێگیرە، بۆیە داواكارین لە هەموولایەك پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و خۆیان لەشوێنی قەرەباڵغ و هەر جۆرە بەریەككەوتن و كۆبوونەوەیەك بپارێزن و دەمامك ببەستن.  

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group