وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم: سوتاندنی گەنمی جوتیارانی كورد بەرنامە بۆ داڕێژراوە

30/05/2020

نەوا
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، سوتاندنی گەنمی جوتیارانی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكاندا بە پرۆسەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەزانن. داواش دەكات رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەروماڵی جوتیاران بگیرێتەبەر.
وەزارەتەكە راگەیەندراوێكی بڵاوكردوەتەوە و تێیدا هاتوە "سەرو ماڵی جوتیارانمان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كەوتۆتە بەر ئاگری رق و كینە، سوتاندنی گەنمی جوتیارانمان لە مەخمورەوە بۆ خانەقین بە پرۆسەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەزانین".
هەروەها ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە، كە پێشتریش داوایان لە وەزارەتی پێشمەرگە كردبو سەرو ماڵی جوتیاران لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەپێی گونجاوی شوێنەكان بپارێزن، هەروەها داوا لە یەكە ئیداریەكانی ئەو ناوچانەش كراوە رێككاری پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیان و ماڵی جوتیاران و داواش لە حكومەتی فیدراڵ كراوە دەغڵ و دانی جوتیاران لەو ناوچانەدا بپارێزرێت.
هەروەها وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو داوا لە وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی عیراق و ئیدارەی پارێزگای كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش دەكات بەرپرسیارێتی پاراستنی سەروماڵی جوتیاران لە ئەستۆبگرێت و قەرەبوی زیانەكان بكەنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group