نەوا
لە دوای گەڕان بۆ ماوەی هەفتەیەك بە دوای گەنجێكدا، كە لە روباری چامەی سەربە قەزای سۆران خنكابو، دوێنێ هەینی تەرمەكەی دۆزرایەوە.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند، لە رۆژی شەممەی رابردو، كاتژمێر 6:30 خولەكی ئێوارە ئاگاداركراونەتەوە لەوەی هاووڵاتییەكی تەمەن 20 ساڵ، كەوتوەتە ناو ئاوی روباری چامە و خنكاوە، هەربۆیە دەستبەجێ تیمی مەلەوانی سەربە بنكەی بەرگریی شارستانیی مێرگەسۆر و تیمی ئامادەباشی بنكەی بەرگریی شارستانیی شێروان مەزن، رەوانەی شوێنی روداو كران بۆ گەڕان بەدوای تەرمەی ناوبراو، كە بەپێی وتەی براكەی پێكەوە بەمەبەستی خۆشی چونەتە ئەو شوێنە و كەوتوەتە ناو ئاوەكەوە، بەهۆی نەزانینی مەلەوانییش خنكاوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، رۆژی هەینی 29ــ5ــ2020 تیمەكانیان بەهاوكاری هاووڵاتیانی خۆبەخش تەرمی ئەو گەنجەیان لە ناو روبارەكەدا دۆزیوەتەوە.