نیچیرڤان بارزانی: هه‌رێم ئاماده‌یه‌ بۆ به‌شداری له‌ دیالۆگی ستراتیژی ئه‌مریكی- عێراقی

30/05/2020

بڕیاره‌ مانگی داهاتوو ده‌ستپێبكات
نوا
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌ گرنگیی ئاماده‌یی و به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان له‌ دیالۆگی ستراتیژیی ئه‌مریكی ـ عێراقی كرده‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌ مانگی داهاتوو ده‌ست پێبكات.
رۆژی شه‌ممه‌ له‌ هه‌ولێر، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ مێجه‌ر جه‌نه‌رال ئیریك هیل فه‌رمانده‌ی هێزی ئۆپه‌راسیۆنی تایبه‌تی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سووریا كۆبووه‌وه‌.
 به‌پێی راگه‌یێندراوێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌، نێچیرڤان بارزانی جه‌خت له‌ گرنگیی هه‌بوونی میكانیزمێك بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالی عێراق ده‌كاته‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی " داعش" به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كه‌ جموجووڵ و هێرشه‌كانیان مه‌ترسییه‌كی راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر ئاسایشی عێراق و هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات، ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ربڕی. 
نێچیرڤان بارزانی وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی گرنگی و پێویستیی به‌رده‌وامیی پشتگیریی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆردا، جه‌ختیشی له‌سه‌ر "پێویستیی هه‌نگاونانی سیاسی له‌ عێراق كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێكهاته‌ عێراقییه‌كان هه‌ست به‌ هاوبه‌شی و متمانه‌ و پارێزراویی ئێستا و داهاتوویان له‌ عێراقدا بكه‌ن."
 ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ باسی دیالۆگی ستراتیژیی ئه‌مه‌ریكی ـ عێراقی كراوه‌ كه‌ بڕیاره‌ مانگی داهاتوو ده‌ست پێبكات و تیایدا نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ك بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێستا و داهاتووی عێراق و ئه‌مریكا تاوتوێ بكرێت، له‌مباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی "جه‌ختی له‌ گرنگیی ئاماده‌یی و به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان له‌و دیالۆگه‌ و له‌ دانان و ئاماده‌كردنی نه‌خشه‌ڕێگه‌كه‌دا كرده‌وه‌."


 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group