راپۆرتێك: بارودۆخی ئابوری و سیاسی و ئەمنی جیهان دوای كۆرۆنا جیاواز دەبێت

31/05/2020 جیهان

نەوا
بەپێی راپۆرتێك، كە لەلایەن ناوەندی دروستكردنی سیاسەت بۆ لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتی و ستراتیژییەكان بڵاوكراوەتەوە، دوای پەتای كۆرۆنا بارودۆخی ئەمنی و ئابوری و سیاسی لە عیراق و جیهانیشدا جیاواز دەبێت.
لە راپۆرتەكەدا، كە بەناونیشانی "جیهان دوای كۆرۆنا" بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوەدراوە، جەنگەكان لە هەموو شتێك زیاتر شێوەی جیهان دەگۆڕن، بەڵام وادەردەكەوێت پەتاكانیش بە هەمان شێوەن و بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دەوڵەتانی جیهان توشی شڵەژانی گەورەبون، ئەوەش تەنها لەسەرئاستی تەندروستی و ئابوری نییە، بەڵكو سێكتەری سەربازیشی گرتوەتەوە.
راپۆرتەكە باسی لەوەكردوە، دەوڵەتە زلهێزەكانی جیهان ناچاردەبن هێزەكانیان بەشێوەیەكی بەرچاو لە ریزەكانی پێشەوە بكشێننەوە بەتایبەتی لە ناوچەكانی زەریای ئارام، ئاسیا، ئەوروپا، ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا ئەوەش لەپێناو بەشداریكردن لە بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناوخۆدا، بەهۆی ئەوەشەوە شەڕی دژی گروپە تیرۆریستییەكان و مافیاكان لاوازدەبێت.
بەپێی هەمان راپۆرت، بارودۆخی دوای كۆرۆنا جیاواز دەبێت و رەوشی ئابوری و سیاسەتی نوێ‌ دێتەئاراوە و دەوڵەتان ناچاردەبن بودجەی هێزی بەرگری كەمبكەنەوە و سەركردەكانی جیهان لەبەردەم بڕیاری سەختدا دەبن.
هەرچی لەسەرئاستی عیراقیشە، هاوپەیمانان ماوەی 60 رۆژ پرۆسەكانیان وەستاند و هەندێك دەوڵەتی وەك هۆڵەندا و چیك و فەرەنسا پاشەكشێیانكرد و 400 سەربازیان كشاندەوە، بەریانیا و ئەڵمانیاش هێزەكانیان بۆ نیوە كەمكردەوە، تەنانەت ئەمریكاش ئاڵوگۆڕی بەهێزەكانی كرد و 5 بنكەی سەربازی چۆڵكرد، كە هەندێكیان لەو ناوچانەدا بون، كە داعش تێیاندا چالاكە، سەرەڕای ئەوەش پرۆسەكانی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" كەمكردەوە و ئەو هێزەش وەستاندنی هەڵمەتەكانی دژی داعشی راگەیاند، رێكخراوی داعشیش ئەوەی وەك هەل قۆستوەتەوە و لە چەندین پارێزگای عیراق هێرشەكانی چڕكردوەتەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group