نەوا
ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق جەختدەكاتەوە، دەستبردن بۆ موچەی فەرمانبەران مەترسییە لەسەر سەقامگیریی حكومەت و قەیرانی ئابوریش لە دوو مانگ زیاتر بەردەوام نابێت.
ئەحمەد سەفار لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردوە، دەستبردن بۆ موچەی فەرمانبەران لەم بارودۆخەدا، كە عیراقی پێدا تێپەڕدەبێت، مەترسییەكی گەورەیە لەسەر سەقامگیری حكومەت، بەتایبەتی ئەم قەیرانە لە دوو مانگ زیاتر تێناپەڕێت و نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە و ئابوری جیهان دوبارە چالاكییەكانی بەدەستدەهێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، وەرگرتنی قەرز لە یەدەگی بانكی ناوەندی بۆ ماوەی دوو مانگ لە چارەسەرە خێراكانن، كە دەتوانرێت بە ئاسانی بگەڕێنرێتەوە بە زیادەیەكی كەمەوە، چونكە ماوەكەی كورت دەبێت، قەرزی ناوخۆیی باشترە لە قەرزی دەرەكی، بەوپێیەی قەرزی دەرەكی مەرجی زۆرە و زیادەكەشی زۆرە و دواتر باری سەرشانی حكومەت قورس دەكات.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق ئەوەشی رونكردوەتەوە، پێویستە حكومەت لە خەرجیە نا گرنگە قەبارە گەورەكان و چەندین خەرجی دیكە دوربكەوێتەوە وەك "نەسریە" و "پاسەوانەكان"، كە پارەیەكی زۆری گشتی بەفیڕۆ دەدەن، هەروەها دەوڵەت 20 بۆ 30 داهاتی هەیە، كە بەهۆی گەندەڵییەوە ناچنە ناو بودجەوە، وەك خاڵە سنوریەكان و گومرگ و چەندین بابەتی تر، پێویستیشە چاو بە موچەدا بخشێنرێتەوە و پلەبەندی نوێ دابڕێژرێت.