پەرلەمانتارێكی یەكێتی: كە رێككەوتنت لەگەڵ توركیا هەبێت چۆن دەتوانیت ئیدانەی هێرشەكانی بكەیت

31/05/2020
نەوا
جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایشی و پەرلەمانی كوردستان نەبوونی هەڵوێست بەرامبەر بە تۆپبارانەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان و شەهیدكردنی هاووڵاتیان دەبەستێتەوە بەوەی، پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ توركیا رێككەوتنی هەیە و دەستیگرتوون بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان.
باڵانبۆ محەمەد كۆكۆیی جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكانی پەرلەمانی كوردستان، كە سەر بە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، لەمیانی بەشداریكردنی لە گفتوگۆی "نیو كاژێر"ی رادیۆی نەوا، كە تایبەت بوو بە تۆپبارانەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان و بێهەڵوێستیی لایەنەكان، رایگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنی لەگەڵ توركیا هەیە، بۆیە كاتێك رێككەوتنت لەگەڵ وڵاتێك هەبێت و دەستی بگریت بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، چۆن دەتوانیت ئیدانەی كارەكانی بكەیت، لەكاتێكدا خۆت دەعوەتت كردون.
پەرلەمانتارەكەی یەكێتی بە پێویستی زانی، كە پارتی بیر لەوە بكاتەوە توركیا دۆستی نییە، بەڵكو دۆستی بەرژەوەندییە لەگەڵ پارتیدا و ئەگەر كورد لەگەڵ بەغدا رێكبكەوێت و نەوتی رادەست بكات، توركیا پشت دەكاتەوە پارتی، بۆیە جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایشی پەرلەمان پێی باشە كورد ئەو گفتوگۆ و دانوستانەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەیكات، لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عیراق بیكات.
لەوەڵامی پرسیارێكیشدا، كە تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان هێزە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستانی بە هاوكاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هێرشەكانی توركیا تۆمەتبار كردبوو، پەرلەمانتارەكەی یەكێتی رایگەیاند، هەر لایەنێك دەتوانێت یەك بەڵگە لەسەر هەر ئەندامێكی یەكێتی بخاتە روو، كە پاڵپشتی دەستی دەرەكییە بۆ لەناوبردنی كوردێكی هەر پارچەیەكی كوردستان، ئەگەر یەكێتی رێككاری لەگەڵ ئەو ئەندامەی نەكرد، ئەوكات خەڵك دەتوانێت پەنجەی تۆمەت بۆ یەكێتی درێژبكات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group