ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی پشتیوانیی خۆپیشاندانی كاسبكاران دەكات

02/06/2020

نەوا
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی پشتیوانی خۆی بۆ ئەو كاسبكارانە راگەیاند، كە شەوی رابردوو لەچەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایانكرد ئاسانكارییان بۆ بكرێت.
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت: "داواكارین لەم ڕۆژانە تەواوی خەڵكی بڕژێنە سەر شەقامەكان و پەیامی توڕەیی و ناڕەزایی بدەن بەگوێی ئەم دەسەڵاتە ستەمكار و بێ باكەدا، تا ناچاریانكەین بیرێك لەژیان و بژێوی خەڵك بەگشتی و موچەخۆرانی ڕاستەقینە بەتایبەت بكەنەوە و چیتر یاری بەژیان و چارەنوسی خەڵكی زەحمەتكێشی ئەم هەرێمەوە نەكەن."
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیدا هاتووە، "وەك هەمیشە بەشدار و پشتیوانی هەموو جۆرە خۆپیشاندانێك و ناڕازەیەتیەك دەبین، كە بۆ گێرانەوەی مافی خوراو و شكۆی هاونیشتیمانیان بێت."
شەوی رابردوو لە دژی راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بەشێك لە هاوڵاتیان و كاسبكارانی قەزاكانی دەربەندیخان و رانیە و چەند شوێنێكی دیكەی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایانكرد ئاسانكارییان بۆ بكرێت بۆ بەردەوامیدان بە كار و كاسبی.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group